کۆشکی سپی بڕیاری باری نائاسایی پەیوەست بە عێراق درێژ دەکاتەوە


رووداو دیجیتاڵ 

کۆشکی سپی بڕیاری باریی نائاسایی پەیوەست بە عێراق بۆ ساڵێکی دیکە درێژکردەوە. جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە نامەیەکدا کۆنگرێسی وڵاتەکەی لەبارەی درێژکردنەوەی بڕیارەکەی ئاگادارکردووەتەوە و دەڵێت، هێشتا ناسەقامگیریی دۆخی عێراق هەڕەشەیە لەسەر ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا. 
 
کۆشکی سپی دەقی ئەو ئاگادارکردنەوەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکای بۆ کۆنگرێسی وڵاتەکەی سەبارەت بە درێژکردنەوەی بڕیاری باری نائاسایی پەیوەست بە عێراق بۆ ساڵێکی دیکە بڵاوکردووەتەوە.
 
لە نامەکەی بایدن بۆ کۆنگرێسدا هاتووە، "بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەڕەشە ناباو و لەڕادەبەدەرەکان بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا کە بەهۆی بەربەستەکانی بەردەم ئاوەدانکردنەوەی عێراق بەشێوەیەکی رێکخراو و هەروەها گەڕاندنەوە و هێشتنەوەی ئاشتی و ئاسایش لە وڵاتەکەدا، هەروەها پەرەپێدانی ئیدارەی سیاسی و دامەزراوە ئابوورییەکان،" بڕیاری 13303ـی ساڵی 2003ـی سەرۆکی ئەمریکا تایبەت بە باری نائاسایی نیشتمانی پەیوەست بە عێراق بۆ ساڵێکی دیکە درێژ دەکرێتەوە. 
 
بڕیاری 13303 لە لایەن جۆرج بووشی کوڕ لە دوای داگیرکردنی عێراق لە  22ـی ئایاری 2003 بۆ پاراستنی سندووقی پەرەپێدانی عێراق بۆ بنیادنانەوەی عێراق و هەروەها پاراستنی بەرهەمەکانی نەوتی عێراق و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هەڵگرتنی سزاکان لەسەر عێراق، دەرکرابوو.
 
‎بەردەوامبوونی ئەو بڕیارە، سەرۆکی ئەمریکا دەستکراوەتر دەکات و رێگەی پێ دەدات هەنگاوی زیاتر لە عێراق بنێت، لەوانەش: بەکارهێنانی ژمارەیەک هێزی تایبەت بە باری لەناکاو، جێگیرکردنی هێزی سەربازیی زیاتر، سەپاندنی سزای ئابووری، هەڵپەساردنی ژمارەیەک یاسا و رێکاری دیاریکراو، یان هەر هەنگاوێکی دیکە "بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا" لە عێراق.
 
ئەم بڕیارەی پەیوەست بە عێراق، دەبێت ساڵانە 90 رۆژ پێش بەسەرچوونی، سەرۆکی ئەمریکا بە نامەیەکی تایبەت کۆنگرێسی وڵاتەکەی لە درێژکردنەوەکەی ئاگاداربکاتەوە.