لە سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ بەغدا 'پرسە هەستیارەکان' تاوتوێ دەکرێن
رووداو دیجیتاڵ
"یەکەمجارە گفتوگۆی هەستیار لەسەر هەموو بابەتەکان دەکرێت،" ئەمە قسەی محەممەد شیاع سوودانییە لەبارەی سەردانەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ بەغدا.
رووداو زانیویەتی دووشەممە کاتێک سەرۆککۆماری تورکیا دەگاتە بەغدا، چوار رێککەوتن لە بوارەکانی نەوت، ئاسایش و ئاو و پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان واژۆ دەکرێن.
جگە لە واژۆکردنی نزیکەی 40 یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە بوارە جیاوازەکان، هەردوو وڵات دەیانەوێت قۆناخێکی نوێی پەیوەندییەکانیان دەستپێبکەن.
خالید یەعقووبی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئەمنی دەڵێت: "لیژنەکان بۆ ئەوە پێکهێنران تا رێککەوتنی بنەڕەتی و گرنگ و جەوهەری بکرێن، لەسەر ئەو بنەمایە بەرەو واژۆکردنی رێککەوتنی ئەمنیی گرنگ دەچین کە زۆرێک لە کێشە گەورەکان چارەسەر دەکات، هەروەها دەبێتە کارئاسانی بۆ سەقامگیریی ئەمنی و ئەنجامدانی پرۆژەی وەبەرهێنانی گەورە کە گرنگترینیان پرۆژەی رێگەی گەشپێدانە."
پارتی کرێکارانی کوردستان و توندوتۆڵکردنی سنوورەکان، بەشێک دەبن لەو پرسانەی رێککەوتن و گفتوگۆی چڕیان لەبارەوە دەکرێت. رووداو زانیویەتی لە رێککەوتنی نوێی ئەمنیدا، حەشدی شەعبیش بەشدار دەبێت.
ئەو لیژنەیەی پێکهێنراوە بۆ ئەو مەبەستە لە وەزیری دەرەوەی عێراق، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، سەرۆکی دەزگەی هەواڵگری پێکهاتوون.
فەرهاد عەلائەدین، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت: "لەسەر بابەتی ئەمنی کاتێک کە تورکیا لە زۆر شوێن هاتووەتە نێو خاکی عێراقەوە، فڕۆکەی جەنگییان ناو بەناو هێرش ئەنجام دەدەن لەنێو خاکی عێراق و خاکی کوردستان، کە ناکرێت ئەمانە بەو شێوەیە بەردەوام بێت، پێویستە چارەسەر بکرێن، لەهەمان کاتدا تورکیا کێشەی ئاسایشیان هەیە کەوا خەڵکانێک هەن لە خاکی عێراقەوە هێرش دەکەنە سەر دیوی تورکیا، ئەوانیش دەڵێن دەبێت چارەسەری ئەوە بکرێت."
سەردانەکەی سەرۆککۆماری تورکیا بۆ بەغدا و پاشان بۆ هەولێر رۆژێک دەخایێنێت، لەدوای 2011ـەوە ئەمە یەکەم سەردانی ئەردۆغانە بۆ عێراق.