شاندێکی باڵای عێراق بە سەرۆکایەتیی فوئاد حوسێن سەردانی واشنتن دەکات

رووداو دیجیتاڵ

شاندێکی باڵای عێراق بە سەرۆکایەتیی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە ئەمڕۆ دەگاتە واشنتنی پایتەختی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
 
سەرچاوەیەکی دیپلۆماتیی عێراقی لە واشنتن بە رووداوی گوت "شاندێکی باڵای عێراق بەسەرۆکایەتیی د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق ئەمڕۆ دەگەنە واشنتن." شاندەکە چەند رۆژێک دەمێننەوە و ژمارەیەک دیدار و کۆبوونەوەیان دەبێت.
 
هێرشی گرووپە چەکدارەکانی مقاوەمەی ئیسلامیی شیعە بۆ سەر هێز و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق، هەروەها کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لەماوەی رابردوودا دوو لە گەرمترین بابەتەکانی گفتوگۆی نێوان ئەمریکا و عێراق بوون.
 
رۆژانى 27ـی کانوونى دووەم و 11ـی شوبات، دوو کۆبوونەوە لەنێوان شاندى سەربازیی عێراق و هاوپەیمانیی دژ بە داعش کرا، بۆ گفتوگۆکردن لەبارەى ئەرکى داهاتووی ئەو هاوپەیمانیێتیە و پەیوەندیى دوو قۆڵیى نێوانیان.
 
ئەو جووڵەیە دواى ئەوە هات کە سوپاى ئەمریکا لە کاردانەوەى هێرشکردنە سەر بنکەکانى لە عێراق و سووریا، هێرشی کردە سەر چەند پێگەیەکى سەر بەو گرووپە چەکدارە شیعانەى خۆیان بە موقاوەمەى ئیسلامى لە عێراق دەناسێنن.
 
رۆژی 12-02-2024، لیوا یەحیا رەسوول، گوتەبێژى فەرماندەی گشتى هێزە چەکدارەکانى عێراق رایگەیاند، لەسەر بنەماى ئەو کۆبوونەوانە خشتەیەکى کاتى گەڵاڵە دەکرێت بۆ کەمکردنەوەی راوێژکارانی سەربازیی بەشێوەیەکى قۆناخ بە قۆناخ کە ئامانجەکەی کۆتاییهێنان بە ئەرکى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى دژی داعش و هەنگاونان بەرەو قۆناخی پەیوەندى دوو قۆڵى دەبێت.