وەزارەتی بەرگریی عێراق لیژنەیەکی لەبارەی لێدانی ئەفسەرێک لە ئەفسەرێکی دیکە پێکهێنا
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی عێراق لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی لەسەر رووداوی لێدانی ئەفسەرێک لە ئەفسەرێکی دیکە پێکهێنا و ئەو ئەفسەرانەش لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا دەردەکەون و قسە دەکەن، دەستگیرکران، شارەزایەکی سەربازی دەڵێت، پێشبینی دەکرێت ئەو ئەفسەرانە لە ریزەکانی سوپا دەربکرێن.
دوای بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیەک تێیدا ئەفسەرێک بە پلەی موقەدەم چەند زلەیەک لە ئەفسەرێکی لە خۆی پلە بەرزتر کە پلەی عەقیدی هەیە دەدات و سووکایەتی پێدەکات، وەزارەتی بەرگریی عێراق دەڵێت، رووداوەکە لە مێژووی 103 ساڵەی سوپای عێراق ناوەشێتەوە و ئەنجوومەنێکی لێکۆڵینەوەی بۆ دروستدەکات.
وەزارەتەکە ئەو هەڵسوکەوتە بە "هەرزەکارانە" ناودەبات و دەڵێت، سەرجەم ئەو کەسانەی لە ڤیدیۆیەدا هەن دەستگیرکراون و بەپێی یاسای سزاکانی سەربازی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، دەشڵێت، "سزای هەر ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکان یان ئەفسەرێک دەدرێت ئەگەر ناوبانگی وەزارەتەکە و مێژووی سوپا بشێوێنێت."
هەرچەندە لە هەندێک لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان وا بڵاوکرایەوە ئەو دوو ئەفسەرە پەیوەندییەکی بەهێزیان هەیە و لەچوارچێوەی " گاڵتەوگەپ" ئەو کارەیان کردووە، بەڵام سەرچاوەیەکی بەرپرس لە وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاند، "کارەکە بە جیددی وەردەگیرێت، ئەگەر بەڕاستیش نەبووبێت، چونکە سوکایەتییەکی زۆر گەورەی پلەی سەربازییە."
ئەو سەرچاوەیەی وەزارەتی بەرگریی عێراق لەبارەی رووداوەکە ئەوەی بۆ رووداو پشتڕاستکردەوە، "ڤیدیۆکە لەرێگەی سۆشیاڵ میدیاوە دزەی کردووە و سەرەتا بەناوی گاڵتەکردنەوە نێردراوە، دواتر گەیشتووەتە وەزارەتی بەرگریی عێراق، وەزیری بەرگری زۆر تووندە لەسەر ئەو بابەتە و داوایکردووە لە کەمترین ماوەدا سزا بدرێن."
گرتە ڤیدیۆییەکە لەنێو تۆڕەکانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دەنگدانەوەی زۆری هەبوو، بەتایبەت کە ئەو ئەفسەرەی پلەی بەرزترە و لێیدەدرێت دەگریێت و دەپاڕێتەوە لێی نەدرێت.
بەپێی بەدواداچوونی رووداو، رووداوەکە لە یەکێک لە بنکەکانی سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا/ بەری کەرخ، روویداوە، ئەوەشی گرتە ڤیدیۆییەکەی گرتووە کوڕی عەمیدەکەیە.
د.ئەعیاد تۆفان، شارەزای سەربازیی، یەکێک لەو کەسانەی زیاتر لە 30 ساڵ خزمەتی لە سوپای عێراق هەیە، لەبارەی رووداوەکەوە گوتی" سووکایەتیەکی ئەوتۆیە لە مێژووی سوپای عێراق پێشینەی نییە، ئەوەی روویداوە سووکایەتییە بە پلەی سەربازی، بە دامەزراوەی سەربازی و مێژووەکەی، دۆسییەکە بەپێی یاسای سزادانی عێراقی دەبێت و سزاکە زیاتر لە ساڵێک بێت."
سەبارەت بە سزاکانی ئەو کەسانەی لەو گرتە ڤیدیۆییەدا دەردەکەون و قسە دەکەن، دەڵێت، "لە سەربازییدا ئەگەر سزا ساڵێک بەسەرەوە بێت واتە دەرکردن، بۆیە بە ئەگەری زۆرەوە ئەو ئەفسەرانە لە ریزەکانی سوپا دەردەکرێن."
لیژنەی لێکۆڵینەوە بە سەرۆکایەتیی لیوا روکن فەیاز داود سەلمان، ئەمینداری هەواڵگری و ئاسایش لە سەرۆکایەتیی ئەرکانی سوپای عێراق، لیوا روکن نەسیر مەهدی ساڵح، یاریدەدەری بەڕێوەبەری هەواڵگریی سەربازی، پێکدێت و بڕیارە لە ماوەی 48 کاژێردا ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوە رادەستی وەزیری بەرگری بکەن کە لەسەر داوای ئەو لیژنەکە پێکهاتووە.
ڤیدیۆی ئەو ئەفسەرەی لە ئەفسەرێکی دیکەی پلە بەرزتر دەدات