حکومەتی عێراق نرخی نەوتی ماڵانی بۆ هەرێمی کوردستان بە بڕی 50 هەزار دینار دابەزاند
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پێدانی نەوتی ماڵانی بە هەرێمی کوردستان بۆ چوار مانگ بە بڕی 50 هەزار دینار بۆ هەر بەرمیلێک پەسندکرد.
رۆژی چوارشەممە، 20-12-2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتی محەممەد شیاع سوودانی کۆبووەوە و تێیدا ژمارەیەک بڕیار و راسپاردە دەکران.
لە راگەیێندراوەکەی حکومەتی عێراق هاتووە، "بۆ پشتیوانیکردنی هاووڵاتیانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان راسپاردەی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووری ژمارە (230333 ق) پەسندکرا کە بریتییە لە دابەزاندنی بەهای بەرهەمی نەوت لە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی ببێتە 250 دینار بۆ هەر لیترێک لەبری 500 دینار بۆ هەر لیترێک کە بەهای پێشووی بوو. ئەمەش بۆ ماوەی چوار مانگ بەردەوام دەبێت لە رۆژی 1ـی کانوونی یەکەمی ساڵی 2023ەوە."
حکومەتی عێراق ژمارەیەک بڕیاری دیکەی دا کە ئەمانەن:
-رۆژانی 25 و 26ـی کانوونی یەکەم پشووی فەرمی بێت بۆ هاووڵاتیانی کریستیان بەبۆنەی لەدایکبوونی حەزرەتی عیسا.
-جێگیرکردنی 14 بەڕێوەبەری گشتی بەپشتبەستن بە حوکمەکانی یاسای خزمەتی مەدەنیی ژمارە 24ـی ساڵی 1960.
-پێدانی بڕی پارەی گرێبەست بۆ گواستنەوەی یارییەکانی خولی عێراقی بۆ تۆپی پێ بۆ وەرزی 2023-2024 بە خۆڕایی لەسەر کەناڵی عێراقییەی وەرزشی بە بڕی 10 ملیار دینار.
-قەرزی سەر دەزگاکانی راگەیاندن درێژدەکرێنەوە تاوەکۆ کۆتایی ساڵی دارایی کە 31ـی کانوونی یەکەمی 2025 تەواو دەبێت.
-تەرخانکردنی 638 ملیۆن دۆلار بۆ وەزارەتی بازرگانی بۆ کڕینی سەبەتەی خۆراک بۆ ساڵی 2023.
رۆژی دووشەممە، 27ـی تشرینی دووەمی 2023 عیزەت سابیر، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کاروباری گاز بە هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە بەغدای راگەیاند، "لە سێ هەفتەی رابردوو بۆ دابەزاندنی نرخی نەوتی ماڵان لەگەڵ بریکاری وەزیری نەوت بۆ کاروباری دابەشکردن، لەگەڵ وەزیری نەوت قسەمانکرد و پێشنیازەکەی پەسندکردین و بەرزکرایەوە بۆ ئەنجوومەنی باڵای ئابووری لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق".
رۆژی 04-10-2023، حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دابەشکردنی نەوتی ماڵان لە ناوچە شاخاوییەکان دەستیپێکردووە، کە هەر ماڵێک بەرمیلێکی 200 لیتری پێدەدرێت. نرخی بەرمیلێک نەوت 104 هەزار دینارە کە چوار هەزاری بۆ کرێی گواستنەوەیە.