محەممەد حەلبووسی دەڵێت، ترسی هەیە چەکی قورسی دەستی پێشمەرگە لە ناوچە کێشەلەسەرەکان بەکاربێت

رووداو دیجیتاڵ

محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پارتی تەقەدوومی عێراق دەڵێت، ترسی هەیە لەوەی چەکی قورسی دەستی پێشمەرگە لە ناوچە کێشە لەسەرەکان بەکاربهێندرێت. حکومەتی هەرێمی کوردستانیش رەخنە لە هەڵوێستەکەی ئەم دواییەی حەلبووسی دەگرێت و بە "زێدەڕۆیی بەرامبەر هەرێمی کوردستان" ناوی دەبات.
 
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی شەرقیە کە شەوی هەینی 20ـی ئەیلوولی 2024 پەخشکرا، سەرۆکی لەکارلادراوی پەرلەمانی عێراق گوتی، "پێشمەرگە ئەو چەکە کەی و دژی کێ بەکاری دەهێنێت؟"
 
حەلبووسی باسی لەوە کرد کە ئەوان کێشەیان لەگەڵ ئەوە نییە چەکی "بەرگری وەک سیستمی دژە درۆن یان سیرام" بە پێشمەرگە بدرێت و گوتی، "ئێمە دژایەتی ئەو هەنگاوە ناکەین، بەڵکو پشتیوانیشی لێ دەکەین"، بەڵام گوتی، "ئەگەر چەکی قورسیان پێ بدرێت، ئێمە لە ناوچە کێشەلەسەرەکان کێشەمان هەیە."
 
پرسیار لە حەلبووسی کرا کە ئایا ترسی هەیە لەوەی بەو تۆپانە (تۆپی هاویتزەر) هێرشبکرێتە سەر کەرکووک و نەینەوا، لە وەڵامدا گوتی، "100%. مەودای ئەو تۆپە تاوەکو ناوچەکانی دەوروبەری هەرێم[ی کوردستان] دەڕوات،" هەر خۆیشی پرسی و وەڵامی دایەوە، "کێ لە دەوروبەری هەرێمە؟ کەرکووک."
 
محەممەد حەلبووسی گوتیشی، پاراستنی دەرەوەی هەرێمی کوردستان "بەرپرسیارێتیی دەوڵەتە،" کە مەبەست لێی هێزە فیدراڵییەکانی عێراقە.
 
حەلبووسی گوتی، "ئێمە رێز و پێزانینمان هەیە بۆ قوربانیدانی برایانی کورد و سەرکردایەتییان، بەڵام لە نەینەوا و کەرکووک ناوچەی کێشەلەسەرمان هەیە. لە داهاتوودا گفتوگۆ لەسەر ئەم ناوچانە چۆن دەبێت ئەگەر ئەم جۆرە چەکە قورسانەیان هەبێت؟ ئەو کات بنەمای هێز کاردەکات نەوەک بنەمای دراوسێیەتی. ئەم شتە بە تەواوی رەت دەکەینەوە."
 
ئەو کەسایەتییە سوننەیە گوتیشی، "رێز و خۆشەویستی زۆرم بۆ جەنابی سەرۆک مەسعود هەیە، ئەو یەکێکە لەو سەرکردانەی هەرگیز نکۆڵی لە رۆڵ و هەوڵەکانی ناکرێت. سەرۆک بارزانی خاوەن دید و تێڕوانینی حەکیمانەیە و خاوەن ویژدانە و رێگە بەوە نادات ئەو جۆرە کارانە بکرێن، بەڵام تاوەکو ئێستاش کێشە هەیە و پێشتر و ئێستاش گوتوومانە هەوڵەکان بەردەوامن بۆ چارەکردنیان. هەروەها پرسی پڕچەککردن جیاوازە لەگەڵ پرسی پەیوەندییەکان."
 
حەلبووسی رایگەیاند، نە حەیدەر عەبادی، نە عادل عەبدولمەهدی و نە مستەفا کازمی، کە یەک لە دوای یەک سەرۆکوەزیرانی عێراق بوون، "ئامادە نەبوون ئەم چەکانە رادەستی پێشمەرگە بکەن، بۆچی سوودانی بێ گەڕانەوە بۆ لایەنە سیاسییەکان ئەم چەکانەی رادەستکردن؟" گوتیشی، "چەکەکان لە بەسرە بوون. کازمی پرس و رای بە هەموو لایەنە سیاسییەکان کرد بەمنیشەوە. ئەو کاتیش رەتم کردەوە بەوەی نابێ چەکەکانیان رادەست بکرێن."
 
هەر ئەمشەو گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەخنەی لە هەڵوێستی حەلبووسی گرت و  قسەکانی بە "زێدەڕۆیی بەرامبەر هەرێمی کوردستان" ناوبرد.
 
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان  بە قسەیەکی نەستەقی عەرەبی وەڵامی حەلبووسی دەداتەوە کە  دەڵێت: "دڵسۆزی گرانبەهایە و لە کەسێکی هەرزان چاوەڕێی مەکە."
 
ئەم گوتەیەی حەلبووسی لە کاتێکدایە، 6ـی ئابی 2024، ژمارەیەک تۆپی هاویتزەر پێشکەشی وەزارەتی پێشمەرگە کران و پاشان لە رێوڕەسمێکدا رادەستی هەردوو فەرماندەیی هێزەکانی پشتیوانی (1 و 2)ی وەزارەتی پێشمەرگە کران.
 
رۆژی 19ی ئەیلوول وەزارەتى بەرگریى عێراق رایگەیاند، رادەستکردنى تۆپى هاویتزەر بە پێشمەرگە بەگوێرەى یاداشتى سوپاسالاری عێراق بۆ فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکان بووە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، گرێبەستى کڕینیان بەر لە حەوت ساڵ واژۆ کراوە و ساڵی 2023 گەیشتووەتە بەندەرى ئومقەسر و دەڵێت "هێزى پێشمەرگە هێزێکى نیشتمانییە کە گومان لە وەلائی ناکرێت بۆ عێراق."
 
"ترس"ـەکەی حەلبووسی، وەک خۆی دەڵێت، لە کاتێکدایە، لە 16ی ئۆکتۆبەری 2017دا و کەمتر لە مانگێک دوای گشتپرسی تایبەت بە سەربەخۆیی باشووری کوردستان، هێزە عێراقییەکان بە بەکارهێنانی پێشکەوتووترین چەکەکانی بەردەستیان هێرشیان کردە هێزی پێشمەرگە لە ناوچە کوردستانییەکان و لە ئەنجامیشدا چەندین پێشمەرگە شەهید بوون.