عێراق 12 هەزار ئامێری ئاوپرژێن بە قیستی 10 ساڵ دەداتە جووتیاران؛ هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە؟

 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەڵێت، 12 هەزار ئامێری ئاوپرژێن لە نەمسا دەکڕن و 40%ی پارەکەی لە جووتیاران وەرناگیرێت. ئاماژە بەوەش دەکات، جووتیارانی هەرێمی کوردستان لەو ئامێرانە سوودمەند نابن.
 
محەممەد خوزاعی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ئەمڕۆ هەینی 20ی ئەیلوولی 2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "عێراق گرێبەستی لەگەڵ نەمسا واژۆ کردووە بۆ کڕینی 12 هەزار ئامێری ئاوپرژێن و 40%ی پارەکەی لە جووتیاران دەبەخشرێت."
 
بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، لەبەر سێ هۆکار جووتیارانی هەرێمی کوردستان لەو ئامێرانە سوودمەند نابن و گوتی، "هەرێمی کوردستان وەزارەتی کشتوکاڵی خۆی هەیە و ئەو ئامێرانە لەسەر بودجەی حکومەتی ناوەندی دەکڕدرێن، بۆیە ئەگەر پێویست بێت، دەکرێت جووتیارانی هەرێمی کوردستان داوا لە وەزارەتی کشتوکاڵی خۆیان بکەن هەمان دەستپێشخەری و رێککەوتن بکات؛ جگە لەوە، زەوییەکانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی زەوییە کشتوکاڵییەکانی نێوەڕاست و باشووری عێراق وشک و بیابان نین؛ هەروەها کشتوکاڵ لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان پشت بە ئاوی بیر نابەستێت، وەک زەویی پارێزگاکانی دیکەی عێراق، بەڵکو زیاتر پشت بە باران دەبەستێت."
 
محەممەد خوزاعی گوتی، جووتیاران لە کەرکووک، نەینەوا، سەڵاحەدین و دیالە و پارێزگاکانی دیکەش لەو رێککەوتنە سوودمەند دەبن.
 
ئەو ئامێرانەی عێراق هاوردەیان دەکات بایی 300 ملیۆن دۆلار دەبن.
 
بەگوێرەی وەزارەتی كشتوکاڵی عێراق، ئەو وڵاتە 60٪ـی زەوییە کشتوکاڵییەکانی بەهۆی کەمیی ئاو و کاریگەرییەکانی دیکەی دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا لەدەستداوە، بۆیە وەزارەتەکە پلانی بۆ دەستپێوەگرتن بە ئاو دەستپێکردووە و لەو چوارچێوەیەشدا پشتیوانی لە رێگەی نوێ بۆ کشتوکاڵ دەکات.