ئەحمەد سەحاف: وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی بەغدا دەکات

رووداو دیجیتاڵ   

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، 23ـی ئەم مانگە وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی بەغدا دەکات و لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری دەرەوەی عێراق کۆدەبێتەوە. 
 
رۆژی یەکشەممە 20-08-2023، ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، رۆژی چوارشەممە 23ـی ئەم مانگە، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی بەغدا دەکات و لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق و چەندین کەسایەتی نیشتمانی و سیاسیی باڵای حکومەتی عێراق کۆدەبێتەوە.
 
بەگوتەی ئەحمەد سەحاف، ئەو سەردانەی وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ ئەوەیە گفتوگۆ لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و سەرجەم ئەو دۆسیە و مەلەفانە بکرێت کە لە نێوانیان هەیە. 
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق گوتیشی، لەم هەفتەیەدا چەندین بەرپرسی دیکە سەردانی بەغدا دەکەن و لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، وەزیری دەرەوەی عێراق و هەرسێ سەرۆکایەتێیەکە و چەندین کەسایەتی نیشتمانی و سیاسیی عێراق کۆدەبنەوە. 
 
سەردانی وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ بەغدا لە کاتێکدایە، لە 25ـی ئادارەوە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لەلایەن تورکیاوە راگیراوە بەهۆى بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس. دادگەکە لەسەر سکاڵای عێراق لە دژی تورکیا بۆ هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری لە بەرژەوەندیی عێراق دا و لەسەر بنەمای ئەو بڕیارەش هەناردەکردنی نەوتی کوردستان راگیرا و تورکیا رایگەیاند، پابەند دەبێت بە بڕیارەکەوە.
 
بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، شاندی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە بەگشتی و وەزارەتی نەوتی عێراق بەتایبەتی کۆبوونەوەی کردووە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستیپێنەکردووەتەوە.