بێڕێزیکردن بە قورئانی پیرۆز لە سوێد گڕی لە باڵیۆزخانەکەیان لە بەغدا بەردا
رووداو دیجیتاڵ
بێڕێزیکردن بە قورئانی پیرۆز لە سوێد، گڕی لە باڵیۆزخانەکەیان لە بەغدا بەردا. بۆ جاری دووەم سەدرییەکان هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی سوێد و بەشێکی باڵیۆزخانەکەیان سووتاند. لایەنگرانی سەدر گوتیان هیچ کەسێک ناتوانێت لە بەرامبەر ئەو کارانەی سوێد دەیکات دژی قورئان، بێدەنگیان بکات.
حەسەن کازم، یەکێک لە خۆپێشاندەرانی لایەنگری سەدرە و دەڵێت، "یانی ئینتەرپووڵ ناتوانێت ئەو کەسە بگەڕێنێتەوە، ئەی سەرۆکوەزیران ئێ دە گەشتێک بکە، رۆژانە لەو وڵاتانەی، دەبڕۆ ئەوێش، ئەی پەرلەمان، حەلبووسی دەبڕۆ بیهێنەوە و تەواو، پاسەوانەکانتان بنێرن، هەواڵگری بنێرن باشە بۆ دەترسن، ئەو یەک کەسە و زۆر نییە، تەنیا یەک کەسە".
عەمار عەلی، لایەنگری سەدر گوتی، "ناکرێت قورئان بسووتێندرێت، لەسەر حکومەتی عێراق پێویستە ئەو کەسە لە سوێدەوە بهێنێتەوە بۆ عێراق و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا بکرێت."
لە کاردانەوەی هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەکەیان، سوێد کارەکانی لە عێراق تاوەکو کاتێکی نادیار هەڵپەسارد، بەپێی زانیارییەکانی رووداو، بۆ خۆپاراستن، کارمەندانی باڵیۆزخانەکە خۆیان گەیاندووەتە نێو باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ناوچەی سەوزی بەغدا.
جەبار عەبدولکازم، لایەنگرێکی دیکەی سەدرە و باس لەوە دەکات، "هەموو عێراق ئەمڕۆ خۆپێشاندان دەکات دژی ئەو کارە، بە تایبەتی دژی ئەو کەسە، هەروەها ئەو کەسە ئیماندار نییە، بەڵکو ئەوە ئیسرائیلییە."
ئەحمەد سەباح، خۆپێشاندەر دەڵێت، "دڵنیاین پاڵنەرێک هەیە ئەو کەسە ئاوا دەکات، گەرنا ئەستەمە عێراقییەک بێت و قورئان بسووتێنێت، بەڵام پاڵنەر هەیە لەوانە بۆ وەرگرتنی ئیقامە تاوەکو سوێد ئیقامەی پێ بدات، ئێمە دڵنیاین ئەگەر شتێک نەبێت عێراقی ئەو کارە ناکات."
وەزارەتی دەرەوەی عێراق هەرچەندە رایگەیاند بە هەموو شێوەیەک دژی سووتاندنی قورئانن و ناڕەزایەتیی خۆیان بە فەرمی بە وڵاتی سوێد گەیاندووە، لەگەڵ ئەوەشدا سەرکۆنەی هەڵکوتانە سەر باڵیۆزخانەی سوێد لە بەغدا دەکەن و دەڵێن، بەم شێوەیە کێشەکە چارەسەر نابێت.