رووفاتی 39 کوردی ئێزدی لە مووسڵ رادەستی کەسوکاریان کرانەوە

رووداو دیجیتاڵ 

رووفاتی 39 کوردی ئێزدی لە دەوروبەری شنگال دۆزراونەتەوە و ماوەی دوو ساڵ لە دادپزیشکیی مووسڵ بوون، دوای ئەوەی پشکنینی DNAیان بۆ کراوە، ئەمڕۆ لە رێوڕەسمێکی سەربازیدا رادەستی کەسوکاریان کرانەوە و بڕیارە لە زێدی خۆیان بەخاک بسپێردرێن.
 
تاوەکو ئێستا بە پێنج کاروان تەرمی کوردانی ئێزدی رادەستی کەسوکاریان کراونەتەوە و ئەوە یەکەمجارە دادپزیشکیی مووسڵ رووفاتی 39 کەسیان رادەست دەکاتەوە، ئەوانی دیکە 162 رووفات بوون کە بە چوار قۆناخ لە دادپزیشکیی بەغداوە رادەستی کەسوکاریان کرابوونەوە. ئەوە لەکاتێکدایە، 95 گۆڕی بەکۆمەڵی کوردی ئێزدی دۆزراونەتەوە و لەو ژمارەیە تەنیا 43 گۆڕیان هەڵدراونەتەوە.
 
کەسوکاری یەک لەو قوربانییانەی ئەمڕۆ رادەستکرانەوە، بە رووداوی گوت؛ نزیکەی چوار ساڵە تەرمەکە لە دادپزیشکیی مووسڵە و ئێمە چاوەڕوانیمان کردووە بۆ ئەوەی بماندەنەوە، ئەمڕۆ توانیمان وەریبگرینەوە، داواکارین ئەو تەرمانەی دیکەش کە لە دادپزیشکیدا ماون بۆمان بگەڕێننەوە، لەبەر ئەوەی کەسوکاریان چاوەڕێی وەرگرتنەوەیانن.
 
بڕیاربوو کاژێر 07:00ی بەیانی رووفاتی ئەو کوردە ئێزدییانە رادەستی کەسوکاریان بکرێن، بەڵام بەهۆی ئەوەی دادپزیشکیی مووسڵ تابووتی بۆ ئامادە نەکردبوون، رێوڕەسمەکە دواکەوت و کەسوکاریان لەسەر ئەرکی خۆیان تابووتیان بۆ تەرمەکان کڕی و ناچاریان کردن ئاڵای عێراقیش بکڕن و لە تابووتەکەی بئاڵێنن، ئینجا توانیان تەرمەکان وەربگرنەوە.
 
خوشکی یەک لە قوربانییەکانی دیکە کە بەدیار تەرمی برا گەورەکەیەوە دانیشتبوو، بە رووداوی گوت: "ئەو برای هەرە گەورەمان بوو و تەمەنی 60 ساڵ بوو، کە باوکمان مرد، ئەو بە رەنجی شانی بەخێوی کردین و بۆمان بوو بە باوک، بەڵام رۆژێک تیرۆریستانی داعش بە قەناس پێکایان و کوشتیان."