لە بەغدا باندێک دەستگیرکران کە ویستوویانە منداڵێک بفرۆشن
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت: ئەمڕۆ ئاژانسی هەواڵگریی لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق باندێکیان دەستگیرکرد کە ویستوویانە منداڵێکی تەمەن پێنج رۆژ بە 25 ملیۆن دینار بفرۆشن.
رۆژی شەممە 20-05-2023 وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، ئاژانسی هەواڵگری ئۆپەراسیۆن و بەدواداچوونەکانیان بەردەوامە بۆ دەستگیرکردنی ئەو باندە تاوانکارییانەی بازرگانی بە مرۆڤ و ئەندامەکانی جەستەی مرۆڤەوە دەکەن.
بەپێی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە چوارچێوەی بەدواداچوونەکانیان ئەمڕۆ (شەممە، 20-5-2023) لە بەغدای پایتەختی عێراق باندێکیان دەستگیرکردووە کە ویستوویانە منداڵێکی تەمەن پێنج رۆژ بە 25 ملیۆن دینار بفرۆشن.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت، منداڵەكە رزگاركراوە و باندەکە کە لە چوار ژن و پیاوێک پێکدێن و لەكاتی مامەڵەی بازرگانیكردن بە منداڵەكەوە دەستگیركراون، لیکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.
تائێستا ئاشکرا نەکراوە، ئایا منداڵەکە هی ئەندامانی ئەو باندە بووە، یان رفاندوویانە و ویستوویانە بیفرۆشن .