سەرچاوەیەکی وەزارەتی دارایی عێراق: بە مەرجی بەبانکیکردن لە ناردنی مووچە بەردەوام دەبین

رووداو دیجیتاڵ

چاوەڕوان دەکرێت بەغدا لە چەند رۆژی داهاتوودا مووچەی ئەم مانگەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت. 
 
بەڵام سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی دارایی عێراقەوە بە رووداوی راگەیاند، مەرجی بەغدا بۆ بەردەوامبوون لە ناردنی پارەی مانگەکانی دواتر، بریتییە لە بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە بانکی رەشید، بانکی رافیدەین و بانکی عێراق بۆ بازرگانی (تی بی ئای). 
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆتایی گەشتەکەیدا لە واشنتن هەمان داوای ئاراستەی هەولێر کرد. 
 
محەممەد شياع سوودانی گوتی "مووچەی هەردوو مانگی شوبات و ئادارمان دابەشکرد، بۆ ئەم دوو مانگە نزیکەی 1.5 ملیار دۆلارمان پێشکێشی هەرێم کرد، کە پێش جەژنی رەمەزانی پیرۆز بەسەر فەرمانبەران دابەشکرا. هیوادارین پرۆسەی بەبانکیکردن بەردەوام بێت بۆ ئەوەی بتوانین بەردەوام بین لە جێبەجێکردنی بڕیاری دادگە و پێدانی مووچە بە شێوەیەکی بەردەوام."
 
تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، وێنەی نووسراوێکی وەزارەتەکەیانی بە رووداو دا کە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستانیان ناردووە.
 
نووسراوەکە، بە پشتبەستن بە بڕیاری دادگەی فیدراڵی، داوا دەکات پەلە لە ناردنی ناو و زانیاریی فەرمانبەران بکرێت بۆ ئەوەی بەگوێرەی خواستی مووچەخۆر، لە بانکی رەشید، رافیدەین یان تی بی ئای هەژماری بۆ بکرێتەوە و کارتی بۆ دروستبکرێت. دوای ئەوە مووچەخۆر دەتوانێت لە بانکە ئەهلییەکان و نووسینگە مۆڵەتپێدراوەکانی هەرێمی کوردستان مووچەکەی راکێشێت. 
 
موسەننا ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق دەڵێ "بڕیاری دادگە هەردوو حکومەتی پابەند نەکردووە، بەڵکو حکومەتی فیدراڵیی پابەند کردووە، واتا حکومەتی هەرێم داهات دەدات یان نا، دادگە حکومەتی فیدراڵیی پابەند کردووە بە پێدانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان."
 
لە هەرێمی کوردستاندا ملیۆنێک و 251 هەزار مووچەخۆر هەن؛ لەو ژمارەیە 751 هەزار و 805 کەسیان فەرمانبەری سەربازی و شارستانین. حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، مانگانە بۆ پێدانی مووچە زیاتر لە 940 ملیار دیناری پێویستە.