سوننەکان داوای دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک دەکەن و شیعەکانیش چاوەڕوانی دادگەن
رووداو دیجیتاڵ
دانوستاندن و گفتوگۆی نێوان فراکسیۆنە سیاسییەکان لەنێو پەرلەمانی عێراق بەردەوامە بۆ دۆزینەوەى دەرچەیەک بۆ ئەو قەیرانە سیاسییە لەنێو دەسەڵاتى یاسادانان دەگوزەرێت و هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی دواخستووە.
سوننەکان گەیشتنە ئەو قۆناخەى داواکارییەک بدەنە سەرۆکایەتیی پەرلەمان بۆ دیاریکردنى کۆوبونەوەیەک بۆ هەڵبژاردنى کەسێک بۆ سەرۆکى پەرلەمان کە جێگەى رەزامەندى هەموو لایەنەکان بێت.
ناهیدە داینی، ئەندامى فراکسیۆنى سەروەرى دەڵێت، "هەفتەى رابردوو 150 واژو کۆکرایەوە و بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان نێردرا بۆ ئەوەى بەبێ چاوەڕێکردنى بڕیارەکانى دادگەى باڵاى فیدراڵى، کۆبوونەوەکان دەستپێبکەنەوە، لەجێى خۆى نییە کە پەرلەمان بەبێ سەرۆک بمێنێتەوە."
پەرلەمانتارەکەی فراکسیۆنی سەروەری ئاماژە بەوەش دەکات، ئەو پرسە پێویستى بە یەکدەنگیی پەرلەمانتارانە بۆ رێککەوتن لەسەر بەربژێرێک بەشێوەیەک کە لێکتێگەیشتن و رەزامەندى چوارچێوەى هاوئاهەنگى هەبێت لەسەر ئەو بەربژێرە، هەروەها جێگەى رەزامەندیی سەرکردەکانى سوننە بێت."
فراکسیۆنە شیعەکان چاوەڕێى بڕیارى دادگەى فیدراڵین لەبارەى ئەو تانانەى پێشکێشی کراوە لە دژى بەربژێرانى پۆستى سەرۆکى پەرلەمان تاوەکو بزانن لەدواى بڕیارەکە چى دەکرێت بۆ دیاریکردنى سەرۆکێکى نوێ بۆ پەرلەمانى عێراق.
عەلى موسەوى، ئەندامى فراکسیۆنى دەوڵەتى یاسا ئاماژە بەوە دەکات، "تاوەکو ئێستا بڕیارێک نییە بۆ ئەنجامدانى کۆبوونەوەى پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکى پەرلەمان، چاوەڕێى بڕیارى دادگەى فیدراڵى دەکەین، هەموو فراکسیۆنە سیاسییەکان ئێستا چاوەڕوانى بڕیارى دادگەى فیدراڵین."
دادگەى فیدراڵى کۆتایی مانگى شوباتى دیاریکردووە بۆ تاوتوێکردنى ئەو تانە و سکاڵایانەى لەبارەى کۆبوونەوەى تایبەت بە هەڵبژاردنى سەرۆکى پەرلەمان پێشکێشی کراون.