رێکنەکەوتنی سوننە و شیعە هەڵبژاردنی پارێزگاری دیالەی دواخستووە؛ خەڵک داواکاریی هەیە
رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ کەسی یەکەمی پارێزگای دیالە گفتوگۆ دەکەین. ئەو کەسەی رێکنەکەوتنی سوننە و شیعە لە جێگری پارێزگارەوە کردوویەتی بە پارێزگاری بە وەکالەت.
کەریم عەلی، ئێستا پارێزگاری دیالەیە بەوەکالەت، ئاماژە بەوە دەکات: جیاوازییەکی سیاسی هەیە و ئەو جیاوازییانە بوونەتەهۆی ئەوەی تاوەکو ئێستا ئەنجوومەنی پارێزگا دانەنرێت. ئومێدەوارین تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە هەنگاوی جدی بنرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و دانانی پارێزگار.
لەلایەکی دیکەوە ئەوس ئیبراهیم دەبینن، ئەو عەرەبە و لەسەر لیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بووەتە ئەندامی ئەنجوومەن. پێیوایە دەنگی کورد لە شەڕی نێوان سوننە و شیعە یەکلاکەرەوە دەبێت.
ئەوس دەڵێت، "بەوپێیەی نوێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و نەتەوەی کوردم، پشت بەخودا نوێنەر و بەرگریکارێکی باش دەبم بۆیان. خۆم بە پێشمەرگەی مام جەلال دەزانم و گیانم فیدای ناوچە جێناکۆکەکانە."
ناکۆکیی نێوان سوننە و شیعە لەو پارێزگا زۆرینە سوننەیە، دانیشتووانی هەراسان کردووە. ئەوان چاوەڕێی ئیدارەی نوێ و دەستپێکردنی پڕۆژەی نوێ و خزمەتگوزارین.
نەجم عەبد، خانەنشینە و دەڵێت، "بنبەستی سیاسی لە بەرژەوەندیی ئێمە نییە، کار و پڕۆژەکان وەستان، داوا دەکەین کە ئەمە قسەی شەقامە، هەمووان داوا دەکەن پەلە لە بەستنی دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگا بکرێت، پارێزگار و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا هەڵبژێرن."
ئەحمەد ئاغاش خوێندکارە، خەڵکی دیالەیە و پێی وایە، پێویستە حکومەت پێکبهێنرێت، کەسی شیاو بۆ ئەو پارێزگای دابنرێت بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان، "زۆر کار و پڕۆژە پەکیان کەوتووە، ئێمە تکا دەکەین پارێزگارێکی شیاو بۆ ئەو پارێزگایە دیاری بکرێت."