لەسەر هێرشەکەی هەولێر بەشێکی پەرلەمانتاران واژۆ بۆ دانیشتنێکی تایبەتی پەرلەمان کۆدەکەنەوە
رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی تایبەت بە لێکۆڵینەوە لە رووداوی هێرشەکەی سەر هەولێر، کارەکانی تەواوکردووە و راپۆرتی کۆتایی رادەستی سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد، لەهەمان کاتدا بەشێکی پەرلەمانتارانی عێراق سەرقاڵی کۆکردنەوەی واژۆن بۆ دانیشتنێکی تایبەتی پەرلەمان.
بۆ هەمان مەبەست، رۆژی یەکشەممە (21-1-2024) هەر دوو لیژنە ئاسایش و بەرگری و پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق سەردانی شوێنی رووداوەکەی هەولێر دەکەن.
زۆرینەی پەرلەمان کە دەنگی شیعەکانە، تاوەکو ئێستا ئیدانەی هێرشەکەیان نەکردووە. عەلی فەتلاوی، سەرکردە لە هاوپەیمانیی نەبنی دەڵێ "بەڕاشکاوی بۆردوومانەکەی سەر هەولێر، چەند وەڵامێکی هەیە؛ وەڵامی یەکەم ئەوەیە ئەمریکا خۆی گوتی لە نێوخۆی کوردستاندا بارەگای مۆساد هەیە، ئێمە دەستدرێژی قبوڵ ناکەین، بەڵام لە لایەکی دیکەوە قبوڵ ناکەین دەستدرێژی بکرێتە سەر هیچ وڵاتێکی دراوسێ."
بەشێک لە پەرلەمانتاران سەرقاڵی کۆکردنەوەی واژۆن بۆ ئەوەی دانیشتنێکی پەرلەمان تایبەت بکرێت بە پێشێلکردنی سەروەریی خاکی عێراق و، هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر.
زەیتوون دلێمی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی تەقەدوومی سوننەکان دەڵێ "لە راستیدا ئێمە وەکو پەرلەمان، لە هەموو كۆبوونەوە و پەیامەکانماندا دووپاتمانکردووەتەوە؛ ئەو دەستدرێژییانە رەتدەکەینەوە، هەروەها دەست کراوە بە کۆکردنەوەی واژۆی پەرلەمان بۆ چارەسەری ئەو دەستدرێژییانە."
رۆژی 15ـی ئەم مانگە، ئێران بە چەند مووشەکێک هەولێری کردە ئامانج و بەهۆیەوە پێشڕەو دزەیی، سەرمایەداری کوردستان و کچێکی، هەروەها دوو کەسی دیکە کە لەو ماڵەدا بوون، گیانیان لەدەستدا. هێرشەکە کاردانەوەی نێوخۆیی و دەرەکی لێکەوتەوە.
لە شەقامی عێراقی، دەرکردنی بەیاننامەی ناڕەزایی و لیژنە و لیژنەکاری بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداو و کارەساتەکان وا لێکدەدرێتەوە؛ هێندەی بۆ ساردکردنەوە و لەبیرکردنی رووداوەکانە، هێندە بە ئاراستەی چارەسەری و بنبڕکردنی کێشەکان نییە، بۆیە هەمیشە ئەمانە دووبارە دەبنەوە.