لەسەر پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان شاندێکی تورکیا سەردانی عێراق دەکات

رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە شاندێکی تورکیا بۆ پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت سەردانی بەغدا و هەولێر بکات. راوێژکارێکی سوودانیش دەڵێت، "هیوادارین تاوەکو سەری ساڵی داهاتوو هەناردەکردنی نەوت دەستپێبکاتەوە." هەروەها سوودانیش لەگەڵ وەزارەتی نەوت کۆبوونەوەی کرد. 
 
ئیبراهیم بەحرل علوم، راوێژکاری سەرۆکوەزیران بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هیوادارین لە کۆتایی ئەم ساڵ یان سەرەتای 2024هەناردەی نەوت دەسپێبکاتەوە."
 
ئیبراهیم بەحر علوم لە وەڵامی پەیامنێری رووداو کە ئایا کەی دەست بە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکەنەوە؟، گوتی، ئێستا هەوڵ هەیە و گەیشتوون بە کردنەوەی گرێکان." 
 
یەکێک لە گرفتەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، جیاوازی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوتە لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق.
 
عەدنان جابری، جێگری دووەمی سەرۆکی لیژنەی نەوت رایگەیاند، "لە حاڵەتی هەناردەکردنەوەی نەوت لە رێگای کۆمپانیای سۆمۆی عێراقی، پێویستە حکومەتی عێراق بەرپرسیاریێتی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت هەڵبگرێت لەسەر بنەمای رێکەوتن، هەردەبێت بگەنە رێککەوتنێک بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت لەرێگەی کۆمپانیای سۆمۆ ناردنی لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیا."
 
بەگوێرەی بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2023، عێراق رۆژانە سێ ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکات، لەو بڕە 400 هەزار بەرمیلیان لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە دەبێت، بەهای بەرمیلێک نەوتیش بە 70 دۆلار خەمڵێندراوە.
 
لە سەرەتای راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان تائێستا نزیکەی هەشت ملیار دۆلار زیانی لە داهاتی عێراقداوە، هەرچەندە  درەنگتر دەستی بەهەناردەی بکرێتەوە قەبارەی زیانەکانیش لەسەر عێراق زیاتر دەبێت.