دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق بڕیاریدا مۆڵەتی کارکردنی کەناڵی MBC هەڵبووەشێنێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق بڕیاریدا کارکردنی کەناڵی MBCـی سعودی لە عێراق رابگرێت، ئەوەش چەند کاژێرێک دوای ئەوەی سەدان کەس لە بەغدا هێرشیان کردە سەر نووسینگەکانی کەناڵەکە.
هۆکاری هێرشکردنە سەر کەناڵەکە ئەوە بوو راپۆرتێکی پەخشکردووە کە تێیدا ''ژمارەیەک سەرکردەی ئێران، حیزبوڵڵای لوبنانی و حەماسی فەلەستینی بە تیرۆرست ناودەبات.''
بەشێک لەو سەرکردانەی راپۆرتەکە وەک "تیرۆرست" باسیان دەکات بریتین لە: قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران؛ حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا؛ ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسیی حەماس؛ ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری پێشووی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و یەحیا سنوار، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس.
دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت "بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پێشێلکارییەی کەناڵی ئاسمانیی MBC، بە سەرپێچییە دووبارەبووەکانی و هێرشەکانی بۆ سەر شەهیدان، سەرکردەکانی سەرکەوتن و سەرکردە قارەمانەکانی مقاوەمە، بەرامبەر بە رێکارەکانی پەخشی میدیایی کردووە، جەخت دەکەینەوە لەوەی هەموو رێکارێکی یاسایی پێویست دەگرینەبەر و کارەکانی لە عێراق دەوەستێنین."
راگەیێندراوەکە دەشڵێت "ئێمە، لقی جێبەجێکاری دەستەکەمان رادەسپێرین کە مۆڵەتی کارکردنی MBC هەڵبووەشێنێتەوە."
ئەوە لەکاتێکدایە بەیانیی ئەمڕۆ (شەممە، 19-10-2024) سەدان لایەنگری گرووپە چەکدارەکان لە گەڕەکی جاميعەی بەغدا هەڵیانکوتایە سەر نووسینگەی کەناڵە سعودییەکە بۆ ئەوەی ناڕەزایی خۆیان بەرامبەر بە راپۆرتی کەناڵەکە دەرببڕن.
سەرچاوەیەکی ئەمنیی عێراق بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندبوو، خۆپێشاندەران "ئامێری ئەلیکترۆنی و کۆمپیوتەرەکانیان شکاند و گڕیان لە بەشێکی باڵەخانەکە بەردا."
هەروەها ئاماژەی بەوە کردبوو، ئاگرەکە کۆنترۆڵکراوە و پۆلیس بڵاوەی بە قەرەباڵخییەکە کردووە.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵی هەروەها باسی لەوە کردووە، ژمارەیەکی زۆری پۆلیس لەبەردەم نووسینگەی کەناڵەکە جێگیرکراون، بەڵام هیچ کەس دەستگیرنەکراون.
"سووکایەتیکردن بە سەرکردەکانی مقاوەمە"
لەم رۆژانەی دواییدا، چەند کورتە ڤیدیۆیەکی راپۆرتێکی MBC بە بەربڵاوی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکرانەوە کە توڕەیی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێرانی لێکەوتەوە.
تەوەری راپۆرتەکە لەسەر "تیرۆرە" لە ناوچەکەدا و باس لە ژمارەیەک گرووپ و کەسایەتیی دیار دەکات، لەنێویاندا ئوسامە بن لادن.
راپۆرتەکە هەروەها هەڵوەستە لەسەر ئەو گرووپانە دەکات، کە خۆیان بە "بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی" دادەنێن، وەک حەماسی فەلەستینی، حیزبوڵڵای لوبنانی و گرووپە چەکدارەکانی عێراق.
لەوانەی ناویان لە راپۆرتەکدا دەهێنرێت بریتین لە حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا کە لە مانگی رابردوو لە بەیرووت لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیلدا کوژرا، هەروەها ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسیی حەماس کە تەممووز لە تاران کوژرا.
یەحیا سنوار، شوێنگرەوەی هەنییە، کە رۆژی چوارشەممە لە لایەن ئیسرائیلەوە لە غەززە کوژرا، وەک "سیمای نوێی تیرۆر" ناوی لە راپۆرتەکەدا هێنرابوو.
راپۆرتەکە لەکاتێکدا بڵاوکرایەوە، کە گرووپەکانی لایەنگری ئێران، دیارترینیان حەماس و حیزبوڵڵا، هەروەها ئەوانی دیکەی عێراق، سووریا و یەمەنیش، ماوەی زیاتر لە ساڵێکە لە دژی ئیسرائیل لەجەنگدان.