بلینکن داوا لە عێراق دەکات پشتیوانی لە 'خۆڕاگری و سەقامگیریی' هەرێمی کوردستان بکات

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا داوا لە عێراق دەکات پشتیوانی لە "خۆڕاگری و سەقامگیریی" هەرێمی کوردستان بکات و، پشتیوانیی واشنتنیش بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە دووپاتدەکاتەوە. 
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە و سوودانی لە پەراوێزی کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەتەوە و بلینکن داوای لە حکومەتی عێراق کردووە، لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پێکەوەکارکردن بەردەوامبێت بۆ "بەهێزکردنی سەقامگیری و خۆڕاگریی حکومەتی هەرێمی کوردستان."
 
راگەیێندراوەکە هەروەها دەڵێت، بلینکن جەختی لە پشتیوانیی ئەمریکا "بۆ کردنەوەی بۆڕی نەوتی [عێراق] - تورکیا کردەوە." 
 
راگەیێندراوەکە دەڵێت "وەزیر بلینکن هانی حکومەتی عێراقی دا بەردەوام بێت لە پەرەپێدانی بەردەوامی سەرچاوەکانی وزە و بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و جەختی لە پشتیوانی ئەمریکا بۆ دووبارە کردنەوەی بۆریی نەوتی تورکیا کردەوە. وەزیر بلینکن داوای لە حکومەتی عێراق کرد، بەردەوام بێت لە پێکەوەکارکردن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەهێزکردنی سەقامگیری و خۆڕاگریی حکومەتی هەرێم. "
 
هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆڕی بۆ بەندەری جەیهان لە مانگی ئادارەوە وەستاوە، ئەوەش دوای ئەوەی دادگەیەکی نێوبژیوانی لە پاریس، بڕیاریدا هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە لایەن تورکیاوە بەبێ رەزامەندیی بەغدا، نایاساییە و داوایکرد تورکیا نزیکەی 1.5 ملیار دۆلار وەک قەرەبوو بە عێراق بداتەوە.
 
گفتوگۆکان بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە و دەستپێکردنەوەی هەناردەی زیاتر لە 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێمی کوردستان کە سەرچاوەی سەرەکیی داهاتەکەی بوو، بە هیچ ئەنجامێک نەگەیشتوون و بەغدا پەنای بردووەتە بەر دادگەیەکی نێوبژیوانیی ئەمریکا بۆ ناچارکردنی تورکیا بە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە، بەڵام تورکیا لە هەمان دادگە بە سکاڵایێک دژی سكاڵاکەی بەغدا وەستاوەتەوە. 
 
سوودانی بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەمریکایە.
 
راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە کاتی هەولێر (سێشەممە، 19-9-2023)، رۆژی دووشەممە بە کاتی ئەمریکا بڵاوکراوەتەوە، دەڵێت "وەزیر بلینکن بانگهێشتنامەیەکی سەرۆک بایدنی گەیاندە سەرۆکوەزیران [سوودانی] بۆ ئەوەی بەمزووانە سەردانی کۆشکی سپی بکات و پابەندبوونی ئەمریکای دووپاتکردەوە بۆ هاوکاریکردنی عێراق لە گەیشتن بە داهاتوویەکی سەقامگیر، سەلامەت و خاوەن سەروەری."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، سوودانی و بلینکن "جەختیان لە پابەندبوون بە بەردەوامبوون لە بەهێزکردنی هاوبەشیی نێوان هەردوو وڵات و بنەماکانی رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژیی ئەمریکا و عێراق کردەوە." 
 
دەقی راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا:
 
"ئەمڕۆ لە پەراوێزی کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە. وەزیر بلینکن و سەرۆکوەزیران سوودانی جەختیان لە پابەندبوون بە بەردەوامبوون لە بەهێزکردنی هاوبەشیی نێوان هەردوو وڵات و بنەماکانی رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژیی ئەمریکا و عێراق کردەوە. هەروەها وەزیر بلینکن هانی حکومەتی عێراقی دا بەردەوام بێت لە پەرەپێدانی بەردەوامیی سەرچاوەکانی وزە و بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و جەختی لە پشتیوانی ئەمریکا بۆ دووبارە کردنەوەی بۆریی نەوتی تورکیا کردەوە. وەزیر بلینکن داوای لە حکومەتی عێراق کرد بەردەوام بێت لە پێکەوەکارکردن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەهێزکردنی سەقامگیری و خۆڕاگریی حکومەتی هەرێم. بلینکن ستایشی پابەندبوونی سەرۆکوەزیرانی کرد بە سەربەخۆیی دادوەری لە عێراق و سزادانی چەندین کەس بە تۆمەتی تیرۆر پەیوەست بە کوشتنی هاووڵاتیی ئەمریکی ستیڤن ترۆڵ. وەزیر بلینکن بانگهێشتنامەیەکی سەرۆک بایدنی گەیاندە سەرۆکوەزیران بۆ ئەوەی بەم زووانە سەردانی کۆشکی سپی بکات و پابەندبوونی ئەمریکای دووپاتکردەوە بۆ هاوکاریکردنی عێراق لە گەیشتن بە داهاتوویەکی سەقامگیر، سەلامەت و خاوەن سەروەری."