کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق چاوەڕێی وەڵامی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن
رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق پێشنیاز دەکات رۆژی 18ی شوباتی 2024 یان دوای ئەو رێکەوتە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت، بۆ ئەوەش چاوەڕێی وەڵامی فەرمیی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە. یەکێک لەو داواکارییە سەرەکەییانەی کە لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەیانە، ئەنجامدانی هەڵبژاردنە بە شێوازی ژماردنی دەنگەکان بەدەست، چونکە دەڵێن، ناتوانن بەو ماوەیەی هەیە هەڵبژاردن بە رێگەی ئەلیکترۆنی ئەنجام بدەن.
نبراس ئەبو سۆدە، ئەندامی تیمی راگەیاندنی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی گوت، "دوای ئەوەی داواکارییە دارایی و لۆجستییەکان دیاری دەکرێن، کۆمیسیۆن خشتەیەک ئامادە دەکات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە هەرێم، هەروەها دوای ئەوەی بڕیاری کۆتایی لە ئەنجوومەنی کۆمیسیاران دەردەچێت، داواکارییەکان دیاری دەکرێن و ئیدی بەرزدەکرێنەوە بۆ حکومەت، لەو چوارچێوەیەشدا یەکێک لەو داواکارییانەی لەلایەن کۆمیسیۆنەوە باس دەکرێن، داواکارییە داراییەکانە، ئەم بابەتەیان لای کۆمیسیۆن نییە، بەڵکو پەیوەندی بە حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە هەیە".
یەکێکی دیکە لەو تێبینییانەى کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى عێراق هەیەتى، بەکارهێنانى وشەى "سەرپەرشتیکردنى" هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانە کە پێیانوایە دەبێت بگۆڕدرێت بۆ "بەڕێوەبردن" نەک سەرپەرشتیکردن، تاوەکو سەرجەم پرۆسەی هەڵبژاردنەکە لەژێر هەژموون و سەرپەرشتیى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراقدا بێت.
یادگار مەحموود، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق گوتی، "وەکو لیژنەی یاسایی کۆبوونەوەمان هەبوو لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، زۆر تەوەر باسکران، یەکێک لەوانە کە گفتوگۆ دروست بوو لەنێوان لیژنەی یاسایی و سەرۆکایەتیی کۆمیسیۆن کە ئاخۆ ئەوان دیاریکراون تاوەکو تەنیا سەرپەرشتیی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان بکەن یان ئەوەتا هەڵبژاردنەکان خۆیان بەڕێوەی ببەن."
بەهۆی ئەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرقاڵی ئامادەکارییە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە ئەمساڵدا، بۆیە چەند جارێک رایانگەیاندووە دوو هەڵبژاردنی جیاواز لەیەک کاتدا ئەستەمە بتوانن بەڕێوەی ببەن.