پەرلەمانتارێکی عێراق: پارێزگاری بانکی ناوەندی پێی گوتین سەرقاڵە و ناتوانێت بێتە پەرلەمان

 
رووداو - بەغدا

پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق داوایەکی لیژنەی دەستپاکیی پەرلەمانی عێراق بۆ ئامادەبوون رەتدەکاتەوە و پێی گوتوون، سەرقاڵە و ناتوانێت بێتە پەرلەمان و لەسەر دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار و ئەم دۆخە ناجێگیرەی دروستبووە هیچ قسەیەک بکات. سەرۆکی پەرلەمانی عێراقیش تاوەکو ئەم ساتە رەزامەندیی نیشان نەداوە تاوەکو دانیشتنێکی تایبەت لەسەر دۆخەکە رێکبخرێت؛ بەبێ ئەوەی هۆکارەکەی بخاتەڕوو.
 
هادی سەلامی، ئەندامی لیژنەی دەستپاکیی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "بڕیاربوو چاوپێکەوتنمان هەبێت لەگەڵ پارێزگاری بانکی ناوەندی، بەڵام رەتیکردەوە، بە بیانووی ئەوەی سەرقاڵە، 83 واژۆمان کۆکردووەتەوە، جێگری یەکەم و دووەم رەزامەندییان نیشانداوە، بەڵام سەرۆکی پەرلەمان رەتیکردووەتەوە، نازانین هۆکاری ئەمە چییە، ئێمە بەردەوامین لە کارەکانمان بۆئەوەی رێگەیەک بدۆزینەوە گفتوگۆی ئەم دۆخە و بەرزبوونەوەی دۆلار بکەین، چونکە ئەمە کاریگەریی لەسەر خەڵک و قوتی خەڵک هەیە."
 
ئەو پەرلەمانتارەی لیژنەی ئابووری ئاشکرای دەکات، بانکی ناوەندی بەدەم هۆشداری و داواکارییەکانی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکاوە چووە و بەمنزیکانە دینار بەرامبەر دۆلار دەگەڕێتەوە ئاستی پێشووی و جێگیر دەبێتەوە.
 
سیپان شێروانی، ئەندامی لیژنەی ئابووریی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "کارەسات لەو کاتەدا رووی دەدا ئەگەر بانکی ناوەندی گوێی بە هۆشیارکردنەوەی ئەمریکا نەدایە گەر ئەمساڵیش نەبێت ساڵی داهاتوو بێت گەمارۆکی بچووک بخاتە سەر عێراق و نرخی 100 دۆلار نەک 160 هەزار دینار، بە 400 و 500 هەزاریش راناوەستێت، بەڵام ئێستا بانکی ناوەندی لە دوایین پەیامیدا گوتی، لە کۆتایی ئەم مانگە یان سەرەتای مانگی دوو نرخی دۆلار جێگیر دەبێتەوە." 
 
هەرچەندە یەدەگی بانکی ناوەندیی عێراق نزیکبووەتەوە لە 100 ملیار دۆلار، بەڵام هێشتاش ترسیان هەیە بەهۆی بەردەوامیی بردنەدەرەوەی دۆلار لە عێراقەوە بۆ وڵاتانی دیکە و گوشارەکانی ئەمریکا، زیانی گەورە بە عێراق بگات.