هەڵبژاردنێک دوای 10 ساڵ؛ گرنگترین تاقیکردنەوە بۆ حکومەتە یەک ساڵییەکەی سوودانی
رووداو دیجیتاڵ
دوای 10 ساڵ دواکەوتن، ئەمڕۆ عێراقییەکان بەشداری لە هەڵبژاردنێکی گرنگدا دەکەن، پارتە شيعەکانی لایەنگری ئێران کە حکومەتی فیدراڵییان بەدەستەوەیە، چاویان لەوەیە ئەنجامەکەی لە بەرژەوەندیی بەهێزبوونی ئەواندا بێت.
لە 15 پارێزگای نێوەڕاست و باشوور، هاووڵاتییان روو لە وێستگەکانی دەنگدان دەکەن بۆ ئەوەی ئەنجوومەنی پارێزگەکان هەڵبژێرن، کە بە پەرلەمانی پارێزگەکان دادەنرێن، بۆ ئەوەی پارێزگار و پۆستە کارگێڕییەکانی دیکەی شارەکان دیاریبکەن. هەڵبژاردنەکە چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە.
تۆڕی میدیایی رووداو لە رێگەی تەلەڤیزیۆن، رادیۆ، پۆرتاڵ و سۆشیاڵ میدیا لە رێگەی تۆڕی بەرفراوانی پەیامنێرانییەوە راستەوخۆ و لە نزیکەوە رووماڵی دەنگدانەکە دەکات.
تاقیکردنەوەیەک بۆ حکومەتەکەی سوودانی
ئەم هەڵبژاردنە لە کاتێکدایە، نائومێدی بەشێکی بەرفراوانی 43 ملیۆن دانیشتووەکەی عێراقی گرتووەتەوە، ئەوەش بەهۆی گەندەڵیی بەربڵاو و نەبوونی خزمەتگوزاری لە یەکێک لە وڵاتە هەرە نەوتدارەکانی جیهاندا.
هەڵبژاردنەکە بە تاقیکردنەوەیەکی گرنگ بۆ حکومەتەکەی سەرۆکوەزیران محەممەد شياع سوودانی دادەنرێت. ساڵی رابردوو، لە ئەنجامی پێکهاتنی هاوپەیمانییەکی شيعەی لایەنگری ئێران، سوودانی هاتە سەر دەسەڵات و لەو کاتەوە سەرنجی خستووەتە سەر پێشخستنی خزمەتگوزارییەکان و ژێرخانی وڵاتەکە، کە بەهۆی چەندین دەیە لە شەڕ و ململانێ، هەڵوەریوە.
رێناد مەنسوور، لێکۆڵینڤانی پەیمانگەی لێکۆڵینەوەی شاهانەی بەریتانیا (چاتام هاوس)، دەڵێت "بە بڕوای من، رێژەی بەشداریکردن نیشاندەری رادەی رازیبوونی خەڵکە لە حکومەت'.
لێکۆڵینڤانەکە دەڵێت، رێژەی بەشداریکردنی خەڵک لە دەنگدانەکەدا پێشانیدەدات کە "ئایا پۆپیۆلیزمی حکومەتەکەی سوودانی، لەوانەش پێدانی دەرفەتی کار لە کەرتی گشتیدا، سەرکەوتوو دەبێت و دەتوانێت گەنجان بۆ خۆی رابکشێت یان نا."
ئەمڕۆ، دووشەممە، کاژێر 07:00ـی بەیانی، 7 هەزار و 166 بنکەی دەنگدان لەژێر رێوشوێنی ئەمنیی تووندا کرانەوە و کاژێر 6:00ی ئێوارە دادەخرێن.
نزیکەی 17 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە. شەش هەزار بەربژێر رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی 285 کورسیی ئەنجوومەنی پارێزگەکان دەکەن.
هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەکان لە دوای ساڵی 2003 و رووخاندنی دەسەڵاتی سەددام حوسێن لەلایەن ئەمریکاوە بە کاریگەر دانراون و ئەنجامەکەیان دەسەڵاتی گرنگ لەخۆدەگرێت، لەوانەش، لە پاڵ دەستنیشانکردنی پارێزگارەکان، دیاریکردنی بودجەی کەرتەکانی تەندروستی، گواستنەوە و پەروەردەیە.
رەخنەگران دەڵێن، ئەنجوومەنی پارێزگەکان بوونەتە مۆڵگەی گەندەڵی و هۆکارێک بۆ تەشەنەکردنی خزمخزمێنە و واستەکاری لە عێراقێکی فرەڕەنگی پڕ لە دابەشبوون و ناکۆکیدا.
"رکابەریەکی گەورە"
چاوەڕێدەکرێت هەڵبژاردنەکە ببێتە هۆی بەهێزبوونی پێگەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، کە هاوپەیمانیی پێکهێنەری حکومەتە، هاوپەیمانییەک کە پارتە شيعەکانی لایەنگری ئێران لەخۆدەگرێت و، بە باڵی سیاسیی گرووپە چەکدارەکانی نێو حەشدی شەعبی دادەنرێت.
بۆ هەندێ لە هێزە گەورەکانی نێو هاوپەیمانییەکە، ئەم هەڵبژاردنانە "دەرفەتێکن بۆ ئەوەی بیسەلمێنن کە بنکەیەکی جەماوەرییان هەیە و لە لایەن خەڵکەوە پشتیوانییان لێ دەکرێت،" بە تایبەتی دوای ئەوەی کە لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ساڵی 2021 ئەنجامێکی بێهیواکەریان بەدەستهێنا، ئەمە وەک رێناد مەنسوور شرۆڤەی دەکات.
لێکۆڵینڤانەکە ئاماژە بەوە دەکات لەنێو گرووپە شيعەکاندا، لەسەر بەدەستهێنانی پۆستی پارێزگارەکان "ئێستا رکابەریەکی گەورە هەیە".
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر و کەسایەتیی سیاسیی کاریگەری وڵات، بووەتە ئۆپۆزسیۆن و بڕیاریداوە دەنگدانەکە بایکۆت بکات.
لە کۆتایی ساڵی 2019، وەک سازشێک بۆ خۆپێشاندانی بەرفراوانی دژی حکومەت، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان هەڵوەشێنرایەوە، بەڵام حکومەتی سوودانی بڕیاریدا هەڵبژاردنەکە بکرێت. ئەمەی ئەمڕۆ، لە ساڵی 2013ـەوە، یەکەمین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەکانە.
ئەبو عەلیی تەمەن 45 ساڵ، شوفێری تەکسییە لە شاری بەغدا؛ دەپرسێت "ئەم هەڵبژاردنە چ سوودێکی بۆ ئێمە هەیە؟ ساڵ دێ و دەڕوا و هەڵبژاردنەکان دووبارە دەبنەوە، بەربژێرەکان دەگۆڕێن و دۆخەکە وەکو خۆی دەمێنێتەوە." ئەبو عەلی پێیوایە، بەربژێرەکان "هیچ شتێک ناکەن، تەنیا بەرژەوەندیی حیزبەکانی خۆیان دەوێت."
وەک رەنگدانەوەیەک بۆ پێکهاتەی فرەنەتەوە و فرەئایینی عێراق، 10 کورسی بۆ پێکهاتەکانی وەک کوردانی ئێزدی، کریستیانەکان و سابیئەکان دانراون.
هەروەها 25٪ کورسیەکان، وەک کۆتا، بۆ هەزار و 600 بەربژێری ژن دانراون. زۆرترین چاو لەسەر کەرکووکن، کە تەنیا لەو پارێزگایە 18 ساڵە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان نەکراوە و تێیدا کورد، عەرەب و تورکمان بە چەند پارتێکی رکابەرەوە هەوڵی بەدەستهێنانی کورسی فەرمانڕەوایی حکومەتی خۆجێی پارێزگاکە دەدەن.