دانیشتنی دادگەی باڵای فیدراڵی لەبارەی چوار سکاڵای دژی پەرلەمانی کوردستان دواخرا

 
رووداو دیجیتاڵ

دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق ئەمڕۆ لەبارەی چوار سکاڵا لە دژی درێژکردنەوەی وادەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان تۆمار کرابوون، کۆبووەوە و بڕیاریدا بە دواخستنی دانیشتنەکە بۆ رۆژی 15ی کانوونی دووەمی 2023. راوێژکارێکی یاسایی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، "هەر لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆی دادگە بڕیاردرا بە یەکخستنی هەر چوار داواکە، چونکە هەر چواریان یەک بابەتن."
 
رۆژی یەکشەممە 18-12-2022، وریا سەعدی ئەحمەد، راوێژکارى یاسایی پەرلەمانى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "ئەمڕۆ کاژێر 12:30ی پاشنیوەڕۆ دادگەی باڵای فیدراڵی لەبارەی ئەو چوار داوایەی لەسەر پەرلەمانی کوردستان تۆمار کراون بەهۆی درێژکردنەوەی وادەی یاسایی، کۆبووەوە و بڕیاری دا بە دواخستنی دادبینییەکە بۆ رۆژی 15-01-2023، هەروەها بڕیاریدا کە هەر چوار سکاڵاکە کە لەلایەن چوار کەسەوە تۆمارکراون یەکبخرێت، چونکە سەرجەمیان یەک بابەتن و لەسەر یەک پرسن."
 
بەگوێرەى خشتەى کۆبوونەوەکانى دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق، پێشتر ئەو دادگەیە 18ى کانوونى یەکەمى 2022ى دیاریکرد بۆ تاوتوێکردنى چوار سکاڵا کە لەسەر رێواز فایەق، سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان دژى درێژکردنەوەى تەمەنى پەرلەمان تۆمار کراون.
 
سکاڵاکان لەلایەن یوسف محەممەد، سەرۆکى پێشووى پەرلەمانی کوردستان؛ شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکى جووڵانەوەى نەوەى نوێ؛ سروە عەبدولواحید، سەرۆکى فرکسیۆنى نەوەى نوێ لە پەرلەمانى عێراق و کاوە عەبدولقادر، پەرلەمانتاری فراکسیۆنى نەوەى نوێ لە پەرلەمانى کوردستان تۆمار کراون.
 
9ى تشرینى یەکەمى 2022، پەرلەمانى کوردستان بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران، تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانى تاوەکو کۆتایی ساڵی 2023 درێژکردەوە.