ئەمینداری گشتیی مقاوەمەی ئیسلامی: ئەمریکا بیر لە چوونە دەرەوە لە عێراق دەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری گشتیی مقاوەمەی ئیسلامی رایگەیاند، ئەمریکا بیر لە چوونە دەرەوە لە عێراق دەکاتەوە و ناتوانێت لەبەر بەردەوامیی هێرشە "پیرۆزەکانمان" بمێنێتەوە.
رۆژی شەممە، 18-11-2023 کەرەم کەعبی، ئەمینداری گشتیی مقاوەمەی ئیسلامی لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "بە شانازییەوە تەنیا بە پشتیوانیی خودا، فڕۆکە و مووشەکەکانی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، هێزەکانی زایۆنییان لە ناوچە داگیرکراوەکانی فەلەستین و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا کردوونەتە ئامانج و بەرگرییەکانیان نەوەستاندووە."
ئەمینداری گشتیی مقاوەمەی ئیسلامی کە گرووپێکی چەکداریی شیعە مەزهەبە رایگەیاند، "لە نێو ئەم هەڵمەتە حوسێنییە، گوێمان لە هاواری هەندێک کەسی لاواز و ترسنۆک بوو، دەنگیان بەرزبووەوە کاتێک بیستیان ئەمریکا بیر لە چوونە دەرەوە لە عێراق دەکاتەوە و ناتوانێت لەبەر بەردەوامیی ئەم هێرشە پیرۆزانە بمێنێتەوە، ئەمەش ناشرینترین شەرمەزارییە و با دەمی لەرزۆکیان بێ دەنگ بکەن."
کەرەم کەعبی دەڵێت، "گەلی سەربەرزی عێراق بە خۆپیشاندانە ملیۆنێیەکەی خواستی خۆی بۆ دەرکردنی داگیرکەر و رزگارکردنی عێراق راگەیاند کە ئەوە کۆتایی بە ململانێ، هەژاری، پیلان و نەهامەتییەکان دەهێنێت و عێراق بەرەو خۆشگوزەرانی، رزگاری و سەروەری هەنگاو دەنێت."
ئەمینداری گشتیی مقاوەمەی ئیسلامی ئاماژەی بەوەکرد، "تەنیا سەبرگرتن و قوربانیدان بەسە بۆ بەدیهێنانی ئەو سەرکەوتنە مێژوییە و پیتەکانی بە ئاڵتوون لە نێو چاوانی عێراقی ئازاد و شکۆمەند دەنووسرێت، بۆیە ریگە بە دەنگە ژێربار و ملکەچەکان نادەین ئیرادەمان بێ هیوا بکەن."
هەر لە راگەیێندراوەکە کەرەم کەعبی دەڵێت، "پیرۆزبایی لە برایانی موجاهیدین دەکەین کە کەوتوونەتە ژێر سزاکانی گەورە شەیتان ئەمریکا و پیرۆزباییتان لێ دەکەین کە ئێوە بوونەتە بەشێک لەو برایانەی کە لە نێو لیستی سپی پاڵەوانێتیدان کە دەوڵەتی ستەمی رەشی جیهانی رایگەیاندووە."
لە دوای هێرشەکەی چەکدارانی حەماس لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023، کە تێیدا هەزار و 200 ئیسرائیلی کوژران، سوپای ئیسرائیل لە ئاسمان و زەوییەوە هێرشی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکرد.
بەگوێرەی بەرپرسانی تەندروستیی غەززە، زیاتر لە 11 هەزار و 300 فەلەستینی گیانیان لەدەستداوە کە 40٪ی کوژراوەکان منداڵن.
دوای ئەو رووداوانە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان چەندینجار لەلایەن مقاوەمەی ئیسلامییەوە کراونەتە ئامانج.