سروە محەممەد: کورد پشتگیری لە بەربژێری دیاریکراوی سوننەکان دەکات بۆ سەرۆکی پەرلەمان
رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە و خوێندنەوەی دووەم بۆ هەمواری یاسای کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بکات، ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، نەبوونی سەرۆکی پەرلەمان گرفت نییە و پەرلەمان دەتوانێت بە سەرۆکایەتیی جێگری سەرۆکی پەرلەمان کۆببێتەوە. دەشڵێت، "کورد پشتگیری لە بەربژێری دیاریکراوی سوننەکان دەکات بۆ سەرۆکی پەرلەمانی عێراق."
14ـی تشرینى دووەمی 2023، دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق لەسەر سکاڵایەکى لەیس دلێمى، ئەندامێتیى محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمانى عێراق هەڵوەشاندەوە.
بەپێی کارنامەی دانیشتنی ئەمڕۆ 18/11/2023، تەنیا بڕگەی خوێندنەوەی دووەم بۆ هەمواری یاسای کۆمیسیۆنی سەربەخۆ هەلبژاردنەکان دەکات، هەرچەندە چاوەڕوان دەکرا سەرۆکی نوێ بۆ پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرێت، بەڵام ئەو بڕگەیە لە دانیشتنەکەدا دانەنراوە.
سروە محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات گوتی، "پێویستە فراکسیۆنە سوننەکان لە پەرلەمانی عێراق کۆببنەوە و کەسێک یان چەند کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بەربژێر بکەن، تاوەکو ئێستا سوننەکان لە گفتوگۆ بەردەوامن و بە فەرمی هیچ ناوێکیان بۆ سەرۆکی پەرلەمان پێشکێش نەکردووە."
سەبارەت بەو ناوانەی کە رەنگە بۆ پۆستەکە بەربژێر بکرێن، سروە محەممەد گوتی، "مەحموود مەشهەدانی و سالم عیساوی وەک دوو بەربژێری دیار ناویان دەهێنرێت، بەڵام ئەو ناوانە نەبوونەتە فەرمی و نەدراوەتە سەرۆکایەتیی پەرلەمان بۆ ئەوەی بخرێنە دەنگدانەوە."
ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی یەکێتی باسی لەوەکرد، "کورد پشتگیریی بەربژێری دیاریکراوی سوننەکان دەکات و گرفتی لە دەنگدان نییە بۆ بەربژێری سوننەکان، چونکە ئەو پۆستە پشکی ئەوانە، تەنیا داواکاری کورد ئەوەیە ئەو کەسەی دەبێتە سەرۆکی پەرلەمان دادپەروەر بێت لەو یاسایانەی لە پەرلەمان دەردەکرێت."
سروە محەممەد، دەڵێت، "زیاتر لە 50 واژۆ بۆ دانیشتنی نائاسایی پەرلەمانی عێراق کراوە، بەوەش جێگری سەرۆکی پەرلەمان دەتوانێت کارەکانی پەرلەمان بەڕێوەببات تاوەکو سەرۆکێک بۆ پەرلەمان دیاری دەکرێت."
محەممەد حەلبووسی لە یەکەم کاردانەوەدا رایگەیاند، "دادگەی فیدراڵی کۆتایی بە ئەندامێتیم هێناوە؛ ئەوە بڕیارێکی سەیرە؛ سەرم سوڕماوە و نازانم لە کوێوە هاتووە"؛ هەروەها گوتی، "پەنا بۆ رێکاری یاسایی دەبەم بۆ پاراستنی مافی دەستووری."
سەرەڕای وەرگرتنەوەی مافی ئەندامێیتیی پەرلەمان لە حەلبووسی، بە بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵی، بەڵام نووسینگەی راگەیاندنەکەی لە هەواڵ و چالاکییەکانیدا هەر بە "سەرۆکی پەرلەمان" ناوی دەهێنێت. بەڵام جاسم عمێری، سەرۆکی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق دەڵێت، "بڕیاری دادگە کۆتاییە و دەبێت هەموو دەسەڵاتەکان پێوەی پابەند بن."