عێراق 70 تۆن کەرەستەی پزیشکی و تەندروستی بۆ لوبنان دەنێرێت

رووداو دیجیتاڵ 

دوای تەقینەوەکانی لوبنان، عێراق لە رێگەی وەزارەتی تەندروستیی و دەستەی حەشدی شەعبییەوە 55 تۆن یارمەتیی پزیشکی و مرۆی بۆ ئەو وڵاتە نارد بڕیارە و 15 تۆنی دیکەش بنێرن.
 
ساڵح حەسناوی، وەزیری تەندروستیی عێراق بە ئاژانسی فەرمیی عێراقی رایگەیاند: "بەپێی رێنمایی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، دوای پەیوەندییکردن بە وەزیری تەندروستیی لوبنانەوە، بڕیاردرا بە ناردنی دەرمان و پێداویستی و کەرەستی پزیشکی بەپێی دۆخی بریندارانی ئەو وڵاتە، لەگەڵ ژمارەیەک لە پزیشک و پسپۆڕ و  کارمەندی تەندروستی."
 
کاروانی یەکەمی پێداویستییە پزیشکی و تەندروستییەکان بەیانی ئەمڕۆ رەوانە کرا کە 15 تۆن بووە. کە بە گوتەی وەزیری تەندروستی بریتیبوون لە دەرمانی دژەهەوکردن، کیسەی خوێن و ژینەر و پێداویستیی دیکەی پێویست بۆ نەشتەرگەری گەیاندووەتە لوبنان.
 
ئەوە لەکاتێکدایە دەستەی حەشدی شەعبی رایگەیاند ئەمڕۆ 40 تۆن یارمەتیی پزیشکیی و پێداویستییان بۆ لوبنان ناردووە و کاروانی دووەمیش 15 تۆن دەبێت و دەینێرن.
 
بەپێی وەزیری تەندروستیی عێراق کە لەسەر زاری وەزیری تەندروستیی لوبنانی گواستووەتەوە، برینی 25٪ـی ئەو کەسانەی بەهۆی تەقینەوەکانی ئەو وڵاتەوە برینداربوون مەترسیدار و گەورەن و برینەکان لە دەست و و دەموچاون، ئامادەیی عێراقیشی بۆ هاوتا لوبنانەییەکەی نیشانداوە کە عێراق "ئامادەیە بریندارانی لوبنان وەربگرێت و چارەسەریان بۆ بکات."
 
رۆژی چوارشەممە، 18ـی ئەیلوولی 2024، بەشێکی دیکەی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن کە زۆرینەیان لەلایەن ئەندامان و چەکدارانی حیزبوڵڵای لوبنانەوە بەکارهاتوون، تەقینەوە، بەهۆیەوە زیاتر لە 14 کەس گیانیان لەدەستدا و 450 کەس برینداربوون.
 
هەرچەندە ئیسرائیل هیچ لێدوانێکی فەرمیی لەو بارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام رووداوەکە دوای 24 کاژێر لە تەقینەوەی سەدان ئامێری پەیوەندیی دیکە بەناوی پەیجەر دێت کە رۆژی سێشەممە لە لوبنان تەقینەوە و بە هۆیەوە دوو هەزار و 800 کەس برینداربوون و 12 کەسیش گیانیان لەدەستدا.