وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی کڕینی کارەبای ئێران: تاوەکو 120 رۆژی دیکە لە عێراق خۆش دەبین
رووداو دیجیتاڵ
واشنتن بڕیاریدا بۆ ماوەی 120 رۆژی دیکە چاوپۆشی لە عێراق بکات بۆ ئەوەی بتوانێت گازی ئێران بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بکڕێت. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەو بارەیەوە بە رووداوی راگەیاند، هیچ پارەیەکی عێراق بۆ کڕینی ئەو گازە ناگاتە دەستی ئێران.
رۆژی پێنجشەممە، ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا پشتڕاستیکردەوە کە لێخۆشبوونەکە بۆ ماوەی چوار مانگە.
عێراق بۆ وەگەڕخستنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبای خۆی، پشت بە هاوردەکردنی گازی ئێرانی دەبەستێت.
بەڵام بەهۆی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، بەغدا ناتوانێت پارەی کاش بە تاران بدات، بەڵکو بە رەزامەندیی واشنتن، دەیخاتە هەژمارێکی بانکیی عێراقەوە و تەنیا بۆ مەبەستی مرۆیی، رێگە بە ئێران دەدرێت بەکاریبێنێت، لەوانەش بۆ کڕینی پێداویستییە پزیشکییەکان.
لە بارەی نیگەرانیی بەشێک لە ئەندامانی کۆنگرێس کە پێیانوایە دەکرێت پارەکە دەستکاری بکرێت و بگاتە دەستی ئێران، پاتێل لە وەڵامی پرسیارێکی دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن گوتی: "ئەوەی کە پەیوەندیی بەم پارەیەوە هەیە، هەرگیز هیچی ناچێتە ئێران بەپێی مەرجەکانی لێخۆشبوون [لە سزای کڕینی] کارەبا [لە ئێران]. هەر قسەیەکیش بکرێت لەسەر ئەوەی ئەم پارەیە بۆ ئێران دەنێردرێت، هەڵەیە".
لە ساڵی 2018ـەوە ئەمە 22ـەم جارە ئەمریکا لێخۆشبوون لە سزاکان بۆ عێراق نوێدەکاتەوە.
پاتێل بە رووداوی گوت، لەو کاتەوە عێراق "بە ئاراستەی دروستدا" هەنگاوی ناوە بۆ ئەوەی پشتبەستن بە وزەی ئێرانی کەمبکاتەوە.
پاتێل گوتی: "لەم دەیەی رابردوودا، چەند هەنگاوێکی بەرچاومان لە عێراقەوە بینیوە بۆ ئەوەی پشتبەستن بە کارەبای ئێران کەمبکاتەوە،" هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، عێراق "بۆ دەستکەوتنی 25٪ی کارەبای خۆی پشت بە ئێران دەبەستێت. چەند ساڵێک لەمەوبەر، ئەو رێژەیە 40٪ بوو".
جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەروەها گوتی: "لەم چەند ساڵەی دواییدا بینیومانە کە عێراق توانای بەرهەمهێنانی کارەباکەی لە نێوخۆدا دوو هێندە زیادکردووە".
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا
رووداو: زۆر سوپاس ڤێدانت، دەگەڕێمەوە سەر لێخۆشبوونی سزاکان بۆ عێراق، نیگەرانییەکی زۆر لە کۆنگرێس هەیە کە دەڵێن، ئەو پارە ناردنە دەکرێت دەسکاری بکرێت، لەم خۆشبوونەوەی ئەمجارەتان چ رێکارێک و سنوورێکتان داناوە بۆ عێراق، بەجۆرێک کە (حکومەتی) ئێران نەتوانێت یەک دۆلاریشی لەو لێخۆشبوونە دەسبکەوێت؟
ڤێدانت پاتێل: با لە بیرمان بێت، ئەوەی کە پەیوەندیی بەم پارەیەوە هەیە، هەرگیز هیچی ناچێتە ئێران بەپێی مەرجەکانی لێخۆشبوون [لە سزای کڕینی] کارەبا [لە ئێران]. هەر قسەیەکیش بکرێت لەسەر ئەوەی ئەم پارەیە بۆ ئێران دەنێردرێت، هەڵەیە. ئەو شتەی کە گرنگە لێرە لە بیرمان بێت، دیار، ئەوەیە کە ئێمە باس لە بڕێکی دیاریکراوی دۆلار ناکەین، بەڵکو پێدانی دەسەڵاتە کە رێگە بە کڕینی کارەبا دەدات بۆ ماوەیەکی دیاریکراو کە لێرەدا 120 رۆژە، واتە ئەمە تەنیا مۆڵەتدانە بە کارێک لە ماوەیەکی دیاریرکراودا. هەر بەو شێوەیەیە.
رووداو: حکومەتی عێراق قسەم لەگەڵیان کردووە، نوێکردنەوەی ماوەی لێخۆشبوونەکە لەسەر بنەمای ئەو بەرەوپێشچوونەیە کە حکومەتی عێراق بەخۆیەوە بینیوە بۆ ئەوەی سەربەخۆیی وزە بەدەستبێنێت و پشت بە ئێران نەبەستێت. لە ساڵی 2018ـەوە ئێوە بەردەوام ئەم لێخۆشبوونەتان بۆ عێراق نوێکردووەتەوە. دەتوانی باس لە سرووشتنی نوێکردنەوەی ئەم جارە بکەیت؟ ئایا هیچ گۆڕانێک یان هیچ سنووردارکردنێک هەیە کە عێراق دەتوانێت چەند وزە لە ئێران بکڕێت؟"
ڤێدانت پاتێل: حکومەتی عێراق دەتوانێت باس لەوە بکات پێویستیان بە چەند وزە دەبێت لەم 120 رۆژەی کە تازە پێیاندراوە. بەڵام سەبارەت بە بەشی یەکەمی پرسیارکەت، لەم دەیەی رابردوودا، چەند هەنگاوێکی بەرچاومان لە عێراقەوە بینیوە بۆ ئەوەی پشتبەستن بە کارەبای ئێران کەمبکاتەوە. وەکو گوتم، ئێستاش بە لێکدانەوەی ئێمە، ئەوان بۆ دەستکەوتنی 25٪ی کارەبای خۆیان پشت بە ئێران دەبەستن. چەند ساڵێک لەمەوبەر، ئەو رێژەیە 40٪ بوو. هەروەها لەم چەند ساڵەی دواییدا بینیومانە کە عێراق توانای بەرهەمهێنانی کارەباکەی لە نێوخۆدا دوو هێندە زیادکردووە. واتە هەنگاونان بە ئاراستە دروستەکەدا دەبینن لە رووی کەمکردنەوەی پشتبەستن بە وزەی ئێران و ئێمە بەردەوام لە نزیکەوە چاومان لەسەر ئەو پلانە دەبێت.