باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق: پابەندین بە رووبەڕووبوونەوەی ئێران و میلیشیاکانی

 
رووداو دیجیتاڵ

باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عێراق لەبارەی دانانی گرووپێکی میلیشیایی عێراقی و بەرپرسی یەکەمی گرووپەکە لە "لیستی تیرۆری ئەمریکا" رایگەیاند، وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە رووبەڕووبوونەوەی دەسەڵاتی ئێران و هەڕەشەکانی.
 
ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عێراق، لەبارەی بڕیارەکەی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی بۆ پۆڵێنکردنی گرووپی "ئەنساروڵڵای ئەوفیا" و حەیدەر غەڕاوی، ئەمینداری گشتیی گرووپەکە بە "تیرۆریستی نێودەوڵەتی،" پەیامێکی لە ئێکس بڵاوکردەوە.
 
رۆمانۆوسکی نووسیویەتی، "پۆلێنکردنی بزووتنەوەی ئەنساروڵڵای ئەوفیا و سەرکردەکەی بە رێکخراوێکی تیرۆریستی لەلایەن وەزارەتی دەرەوە، سەرلەنوێ جەخت دەکاتەوە لە پابەندبوونی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە رووبەڕووبوونەوەی دەسەڵاتی خراپەکاریی ئێران و ئەو هەڕەشانەی میلیشیاکانی سەر بەو وڵاتە دروستی دەکەن."
 
رۆژی دووشەممە 17ی حوزەیرانی 2024 ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، "بزووتنەوەی ئەنساروڵڵای ئەوفیا گرووپێکی میلیشیایی پاڵپشتیکراوی ئێرانە و بەشێکە لە مقاوەمەی ئیسلامی."
 
گرووپە میلیشیاکە یەکێکە لەو گرووپەی بەرپرسیارێتیی هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکای لە عێراق و سووریا گرتووەتە ئەستۆ.
 
ئەنساروڵڵای ئەوفیا لیوایەکی لەنێو حەشدی شەعبیدا هەیە، بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2013 وەکو قەوارەیەکی سیاسی لە پارێزگای میسان دەرکەوت.
 
حەیدەر غەڕراویی ئەمینداری بزووتنەوەکە لەساڵی 2018 وەکو بەشێک لە هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆکایەتیی هادی عامری بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی کرد، ساڵی دواتر بە کوشتنی ژمارەیەک لە خۆپێشاندەرانی تشرین تۆمەتبار کرا.
 
گرووپەکە یەکێکە لەو گرووپانەی بەشداریی لە هێرشەکانی سەر ئیسرائیل لەدوای 7ی ئۆکتۆبەری 2023دا کردووە.