ئەمنستی بۆ رووداو: پێویستە سەرۆککۆماری عێراق پەسندکردنی هەموو لەسێدارەدانەکان بوەستێنێت
رووداو دیجیتاڵ
لە بارەی لەسێدارەدانی بەکۆمەڵی 13 کەس لە زیندانێکی ناسڕییە، رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی (ئەمنستی ئینتەرناشناڵ) بە رووداوی راگەیاند، بۆ ئەوەی سەرۆککۆماری عێراق کاریگەریی هەبێت لە کۆتاییهێنان بە نادادپەروەرییەکان، ئەوا پێویستە واژۆکردن لەسەر هەموو سزاکانی لە سێدارەدان بوەستێنێت، چونکە بە گوتەی رێکخراوەکە، سیستمی دادپەروەریی وڵاتەکە "کەموکوڕیی جیدی" تێدایە و "لەژێر ئەشکەنجە و بە زۆرەملێ" دانپێدانان لە بەندکراوان وەردەگیرێت.
لە کۆتایی ساڵی رابردوودا، بەگوێرەی رێکخراوی هیومەن رایتس وۆچ، 13 کەس لە زیندانێکی ناسڕییە بە نهێنی و بە کۆمەڵ لە سێدارەدران، بێ ئەوەی رێگەیان پێ بدرێت قسە لەگەڵ پارێزەرەکانیان بکەن یان ماڵئاوایی لە کەسوکاریان بکەن، هەروەها لانیکەم 150 زیندانیی دیکەش لە هەمان زیندان رووبەڕووی سزای مەرگ دەبنەوە ئەگەر لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق واژۆ لەسەر سزاکەیان بکات.
لەو بارەیەوە، رازاو ساڵحی، لێکۆڵینڤانی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ لە وەڵامی ئیمەیڵێکی رووداودا دەڵێت: "ئەگەر سەرۆک دەیەوێت کاریگەریی هەبێت لە کۆتاییهێنان بە نادادپەروەرییەکان لە عێراق، ئەوا پێویستە هەموو پەسندکردنەکان بوەستێنێت."
رێکخراوەکە دەشڵێت: "شتێکی شاراوە نییە کە کەموکوڕیی جیدی و رەگداکووتاو لە سیستمی دادپەروەریی عێراقدا هەن و هەر سزایێکی مەرگ لە دوای دادگاییکردنی نادادپەروەرانە جێبەجێبکرێت دەچێتە خانەی بێبەشکردنی هەڕەمەکییانەی خەڵک لە ژیان."
هیومن رایتس وۆچ باسی لەوە کردبوو، کە ئەو 13 پیاوە لە 25ی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو، "بێ هیچ رەچاوکردنێک بۆ مافە سەرەتاییەکان" بە کۆمەڵ لەسێدارەدرابوون.
لێکۆڵینڤانەکەی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ دەڵێت: "سەرۆک دەرفەتی هەیە هەر نادادپەروەرییەکی لەم جۆرە بوەستێنێت،" دەشڵێت: "بەکارهێنانی سزای مەرگ لە عێراق، هەڕەمەکی و ئامرازێکە بۆ تۆڵەسەندنەوە و چەوساندنەوە."
ئەمنستی ئینتەرناشناڵ لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، "رەشبگیری و بەندکردنی هەڕەمەکیی هەزاران پیاو و کوڕی لە سەرانسەری عێراق بە بەڵگەوە تۆمارکردووە، تەنانەت پێش دەستپێکردنی ململانێی داعش. ئەوانەی دەستگیردەکرێن، "لە بارودۆخی خراپ و نامرۆڤانەدا بەند دەکرێن، دەخرێنە ژێر ئەشکەنجەیەک کە کۆتایی نایەت تاوەکو ئەو کاتەی 'دانپێدانان' دەکەن و لە دادگاییکردنی خێرا و نادادپەروەردا سزای مەرگیان بەسەردا دەسەپێندرێت،" ئەمە وەک ساڵحی ئاماژەی پێکرد.
یاسای دژی تیرۆر؛ "ئامرازێکی بەدناو"
بەگوتەی لێکۆڵینڤانەکەی ئەمنستیی ئینتەرناشناڵ، "بەدناوترین شت" لە سیستمی دادوەریی عێراقدا، بەکارهێنانی یاسای "ناڕوون و گوماناویی دژی تیرۆرە، کە دوای دادگاییکردنی زۆر نادادپەروەرانە، هەزاران کەسی لە چاوەڕوانی مەرگدا داناوە".
ئەو دەشڵێت، "بەکارهێنانی بێسەروبەرانەی تۆمەتی 'تیرۆر' لە عێراق شتێکی هەڕەمەکییە و بووەتە ئامرازێک بۆ تۆڵەسەندنەوە و سەرکوتکردن."
ساڵحی هەروەها گوتی: "دادگاییکردنی گومانلێکراوانی تیرۆر بە خێرایی کراوە، هەندێ جار بە کۆمەڵ و وەکو پێویست رێگە بە هەبوونی پارێزەری یاسایی نەدراوە. راستییەکەی، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، رێکخراوەکەمان بە بەڵگە تۆقاندنی بەردەوامی ئەو پارێزەرانەی تۆمار کردووە، کە هەوڵدەدەن بەرگری لە خاوەنی ئەو کەیسانە بکەن کە لە کۆتاییەکەیدا هەر سەری کێشاوە بۆ سزای مەرگ."
دادوەرەکانی دادگەی عێراق، بەپێی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکە "نەیانتوانیوە لێکۆڵینەوە لە دەنگۆی ئەشکەنجەدان"ی زیندانیان بکەن، هەروەها دامودەزگە ئەمنییەکانی وڵات "پێشێلکاریی گەورەیان دژی مافەکانی مرۆڤ کردووە لە کاتی لێکۆڵینەوە لەو تاوانانەی پەیوەندیدارن بە تیرۆر."
بە گوێرەی هیومن رایتس وۆچ، نزیکەی 8 هەزار زیندانی کە زۆربەیان بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیرکراون، سزای مەرگیان بۆ دەرکراوە و لە چاوەڕوانیی پەتی سێدارەن.
زیندانی ناوەندنیی ناسرییە، تاکە زیندانە لە عێراق کە رێکخراوە مرۆییەکان دەڵێن، بە کۆمەڵ زیندانییەکان تێیدا لەسێدارە دەدرێن. لە لای خەڵکی عێراق، زیندانەکە بە "حووت" یاخود نەهەنگ ناسراوە، چونکە وەک خۆیان دەڵێن، هەر کەسێک قوتبدات، هەرگیز فڕێیناداتەوە دەرەوە.
لە ماوەی ساڵانی رابردوودا، چەندین جار بەندکراوان لە زیندانەکەدا بە کۆمەڵ لەسێدارەدراون، لە نێویاندا، جارێک 41 کەس و جارێکی دیکە 38 کەس لە ساڵی 2017 کە کەمتر لە سێ مانگیان لە نێواندا بووە. هەروەها لە نۆڤەمبەری 2020، لە یەک رۆژدا رووبەڕووی هەمان چارەنووس کرانەوە.
رازاو ساڵحی دەڵێت: "ئەمنستی ئینتەرناشناڵ لە هەموو دۆخێکدا دژی سزای مەرگە، گرنگ نییە سرووشتی تاوانەکە چۆنە، تایبەمەندیی تاوانکارەکە چین، یان وڵات چ شێوازێک بۆ لەسێدارەدانی بەندکراوەکە بەکاریدێنێت،" چونکە بە گوتەی خۆی "سزای مەرگ پێشێلکارییە دژی مافی ژیان؛ دڕندەترین، نامرۆڤانەترین و ریسواترین سزایە."
لێکۆڵینڤانەکە داوا دەکات "هەموو لایەنەکان، چ حکومەت بێت یان ئەوانی دیکە، بەردەوامبن لە سەرکۆنەکردنی بەکارهێنانی سزای مەرگ لە عێراق و تیشکبخەنە سەر رادەی ئەو نادادپەروەریانەی عێراقییەکان دەخەن بەر سزای مەرگ."
دەقی قسەکانی رازاو ساڵحی، لێکۆڵینڤانی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ بۆ رووداو:
ئەگەر سەرۆک دەیەوێت کاریگەریی هەبێت لە کۆتاییهێنان بە نادادپەروەرییەکان لە عێراق بێنێت، ئەوا پێویستە هەموو پەسندکردنەکان بوەستێنێت. شتێکی شاراوە نییە کە کەموکوڕیی جیدی و رەگداکووتاو لە سیستمی دادپەروەریی عێراقدا هەن و هەر سزایێکی مەرگ لە دوای دادگاییکردنی نادادپەروەرانە جێبەجێبکرێت دەچێتە خانەی بێبەشکردنی هەڕەمەکییانەی خەڵک لە ژیان. سەرۆک دەرفەتی هەیە هەر نادادپەروەرییەکی لەم جۆرە بوەستێنێت.
پاشخانێک لە پێشێلکاری و سەرپێچیی دژی مافەکانی مرۆڤ لە ماوەی تووندوتیژییەکانی ئەم دواییەی عێراق، هەزاران کەسی بردە نۆرەی پەتی سێدارە. ئەمنستی ئینتەرناشناڵ چەندین ساڵە رەشبگیری و بەندکردنی هەڕەمەکیی هەزاران پیاو و کوڕی سەرانسەری عێراقی بە بەڵگەوە تۆمارکردووە، تەنانەت پێش دەستپێکردنی ململانێی داعش. هەزاران کەس بێسەروشوێنبوون و هەزارانی دیکە خراونەتە بەر سزادانی بەکۆمەڵ. ئەوانەی دەستگیردەکرێن، لە بارودۆخی خراپ و نامرۆڤانەدا بەند دەکرێن، دەخرێنە ژێر ئەشکەنجەیەک کە کۆتایی نایەت تاوەکو ئەو کاتەی "دانپێدانان" دەکەن و لە دادگاییکردنی خێرا و نادادپەروەردا سزای مەرگیان بەسەردا دەسەپێندرێت.
بەدناوترین شت بەکارهێنانی یاسای ناڕوون و گوماناویی دژی تیرۆرە، کە دوای دادگاییکردنی زۆر نادادپەروەرانە، هەزاران کەسی لە چاوەڕوانی مەرگدا داناوە. بەکارهێنانی بێسەروبەرانەی تۆمەتی "تیرۆر" لە عێراق شتێکی هەڕەمەکییە و بووەتە ئامرازێک بۆ تۆڵەسەندنەوە و سەرکوتکردن. زۆر جار، بەڵگەی روون بە کەمی دەبینرێت. دادگاییکردنی گومانلێکراوانی تیرۆر بە خێرایی کراوە، هەندێ جار بە کۆمەڵ و وەکو پێویست رێگە بە هەبوونی پارێزەری یاسایی نەدراوە. راستییەکەی، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، رێکخراوەکەمان بە بەڵگە تۆقاندنی بەردەوامی ئەو پارێزەرانەی تۆمارکردووە کە هەوڵدەدەن بەرگری لە خاوەنی ئەو کەیسانە بکەن کە لە کۆتاییەکەیدا هەر سەری کێشاوە بۆ سزای مەرگ.
هەروەها دادگەکان بەردەوام ئەو "دانپێدانان" و گوتانەیان وەک بەڵگە بەکارهێناون کە گومانی ئەوەیان لەسەرە لەژێر ئەشکەنجە و بە زۆرەملێ وەرگیرابن. دادگەکان هەڵوەستە لەسەر پێشێلکردنی رێکارەکانی دادگاییکردنەکە ناکەن. دادگەکان رێگەیان بە شایەتیی زانیاریدەرە نەناسراو و نهێنییەکان داوە، کە ئەوەش دەرگای لە بەردەم نادادپەروەریی بەربڵاو، کردووەتەوە. دادوەرەکان بەشێوەیەکی رۆتینی نەیانتوانیوە لێکۆڵینەوە لە دەنگۆکانی ئەشکەنجەدان بکەن.
دامودەزگەکانی عێراق پێشێلکاری گەورەیان دژی مافەکانی مرۆڤ کردووە لە کاتی لێکۆڵینەوە لەو تاوانانەی پەیوەندیدارن بە تیرۆر. سزای مەرگ لە پەرچەکرداری هێرشی تیرۆرستیدا بەکارهێنراوە بێ ئەوەی هیچ هەوڵێک بۆ چارەسەرکردنی هۆکاری ریشەیی هێرشە کوشندەکان بدرێت یان دادپەروەری بۆ قوربانیان و کەسوکاریان بەدیبهێنرێت.
ئەمنستی ئینتەرناشناڵ لە هەموو دۆخێکدا دژی سزای مەرگە، گرنگ نییە سرووشتی تاوانەکە چۆنە، تایبەمەندیی تاوانکارەکە چین، یان وڵات چ شێوازێک بۆ لەسێدارەدانی بەندکراوەکە بەکاریدێنێت. سزای مەرگ پێشێلکارییە دژی مافی ژیان؛ دڕندەترین، نامرۆڤانەترین و ریسواترین سزایە. ئەمنستیی ئینتەرناشناڵ لە ماوەی چەندین ساڵی رابردوو و ئێستاش بەردەوامە لە تۆمارکردنی کەموکورتیی جیدی لە سیستمی دادپەروەریی عێراق، بەکارهێنانی بەربڵاوی ئەشکەنجە دژی دەستگیرکراوان بۆ ئەوەی دانپێدانیان لێ وەربگیرێت و لە بەرگریکردن لە نادادپەروەرییەکانی بەکاریانبێنێت. پێویستە کە هەموو لایەنەکان، چ حکومەت بێت یان ئەوانی دیکە، بەردەوامبن لە سەرکۆنەکردنی بەکارهێنانی سزای مەرگ لە عێراق و تیشکبخەنە سەر رادەی ئەو نادادپەروەریانەی عێراقییەکان دەخەن بەر سزای مەرگ.