دادگەی فیدراڵی دانیشتنی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دواخست
رووداو دیجیتاڵ
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ تاوتوێکردنی چوار دۆسیەی جیاواز کە سێیان پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە، دانیشت. پەیامنێری رووداو لە بەغدا رایگەیاند: "بۆ جاری یازدەیەم، دادگەکە لەبارەی بڕیاردان بۆ دوو سکاڵای هاوشێوە لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و هەمواری پێنج مادەی یاسای هەڵبژاردنەکە، دانیشتنەکەی دواخست."
ئەمڕۆ یەکشممە، 18ی شوباتی 2024، زیاد ئیسماعیل، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە بەغدا گوتی: "ئەمڕۆ دادگەی فیدراڵیی عێراق بۆ جاری یازدەیەم، لەبارەی بڕیاردان بۆ دوو سکاڵای هاوشێوە لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و هەمواری پێنج مادەی یاسای هەڵبژاردنەکە، دانیشتنەکەی دواخست."
یەکێک لەو دۆسیانە سکاڵایەکە لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمان کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعوون، سەرۆکی فراکسیۆنی رافیدەینی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی تۆمار کراوە. سکاڵاکاران لەسەر مادەکانی (36،22،15،9،1)ـی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان سکاڵایان تۆمار کردووە.
بە گوتەی پەیامنێری رووداو لە بەغدا، دادگەی فیدراڵیی عێراق دانیشتنی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی بۆ رۆژی 21ـی شوباتی 2024 دواخست. بیانووی دواخستنەکەیش وردبینی و بڕیاردانە لەبارەی دۆسییەکەوە.
سکاڵاکە تاوەکو ئێستا چەند دانیشتنێکی لەبارەوە کراوە؛ دوایینیان لە 11ـی شوباتی 2024 بوو. سکاڵاکە پەیوەندی بە ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان، کورسیی کۆتاکان، تۆماری دەنگدەران و بازنەکانی هەڵبژاردنەوە هەیە.
دۆسیەی دووەمیش کە دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق ئەمڕۆ لەبارەیەوە دانیشت، سکاڵایەکی دیکەیە کە لەسەر سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و عێراق تۆمار کراوە. ئەم کەیسە پەیوەندیی بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانەوە هەیە و لەبارەی جێبەجێنەکردنی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵیی ژمارە 13ـی ساڵی 2023 و پابەندکردنی هەردوو سەرۆکوەزیران بە پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانە، هاوشێوەی فەرمانبەرانی حکومەتی فیدراڵیی عێراق. زیاد ئیسماعیل، پەیامنێری رووداو لە بەغدا لەبارەی ئەم کەیسەوە دەڵێت: "دۆسیەی دووەم کە پەیوەندی بە ناردنی شایستەی دارایی و شایستەکانی دیکە فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، بۆ هەمان رۆژ کە دەکاتە 21ی شوباتی 2024، دواخرا. بیانووی دواخستنی وردبینی کردنە."
سکاڵاکارانی ئەو کەیسە بریتین لە عەدالەت رەحیم محەممەد، بوخاری جەمیل عەلی و حەیدەر محەممەد عوسمان، داوادەکەن دادگای فیدراڵی "فەرمانێکی وەلائی" دەربکات بۆ خەرجکردن و ناردنی شایستەی دارایی و شایستەکانی دیکە فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە ماون بۆ مانگەکانی تەمموز و ئابی 2023یە.
سکاڵای سێیەمیان لەلایەن پەرلەمانتار مستەفا سەنەد، لەسەر سەرۆکوەزیرانی عێراق تۆمار کراوە، ئەوەیان لەبارەی ناردنی دوو تریلیۆن و 100 ملیار دینارە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە بە سێ بەش هەر جارەو 700 ملیار دیناری عێراقی رەوانەی هەرێمی کوردستان کردووە. سکاڵاکار داوا دەکات دادگاکە ئەو بڕیارە بە نادروست دابنێت.
پەیامنێرەکەی رووداو لە بەغدا دەڵێت: "دۆسیەی سێیەمیش تاوتوێ کرا و بە بیانووی وردبینی و لێکۆڵینەوەی زیاتر بۆ 25ی 3ی 2024 دواخرا."