دەستەی دەستپاکیی عێراق: دۆسیەی گەندەڵی گەورەمان لەبەردەستە و ئاشکرایان دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
گەڕاندنەوەی دوو ئۆتۆمبێلی گرانبەها لەگەڵ 10 ملیۆن دۆلار لەلایەن دەستەی دەستپاکیی عێراقەوە راگەیێندرا.
پێنج ملیۆن دۆلار و دوو ئۆتۆمبێلە گرانبەهاکە، لە بەڕێوەبەری پێشووی دەستەی خانەشینی ئەنبار و پێنج ملیۆن دۆلاری دیکە لە یاریدەدەری پارێزگاری بەغدا وەرگیرانەوە کە بەگوتەی دەستەی دەستپاکیی عێراق دزیبوویان.
حەیدەر حەنوون، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی عێراق دەڵێت: بێگومان پارەی دیکەش دەگەڕێنینەوە، ئەو پارەیە وادادەنێین پارەیەکی کەمە، لە داهاتوودا پارەی دیکە ماون بیانگەڕێنینەوە، کاری گەورەمان بەدەستەوەیە، دۆسیەی گەورەمان لایە، هەموویان رووبەڕووی یاسا دەکەینەوە؛ هەروەها لە دەرەوەی عێراقیش کار لەسەر گەڕاندنەوەیان دەکەین، لە رێگەی باڵیۆز و کۆنسوڵخانەکان، ئێمە بۆ ئەوە پێویستمان بە هاوکاری نێودەوڵەتییە، تا بگەینە ئەو پارانەی کە کەسانێک لە دەرەوە لە عێراقیان بردووە.
پەرلەمانی عێراق ئامادەکاری دەکات بۆ دەکردنی یاسای گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکانی عێراق و 'یاسای ئەمەت لە کوێ هێناوە؟' تاوەکو رووبەڕووی گەندەڵی ببنەوە.
خالید رێکانی، ئەندامی لیژنەی دەستپاکیی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت، "ئەگەر بەشێوەیەکی گشتی سەیری گەندەڵی بکەین، ناڵێین نییە، بەڵکو گەندەڵی زۆر زۆرە لە عێراق، بەڵام لە ساڵی رابردوو باشترە، بۆیە ئەو دۆسیانەی هاتوونەتە بەردەستی ئێمە هی ساڵانی رابردوون زیاتر، یاسای گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکان و دووەمیش 'ئەمەت لە کوێ هێناوە' ئەو دوو یاسایەن کە خەریکن دەردەچن و کاری لەسەر دەکەین و زۆر گرنگن، خوێندنەوەی یەکەمیان بۆ کراوە و چووینەتە ئەوەی کە خوێندنەوەی دووەمیان بۆ بکەین."
دوایین دۆسییەی دزی و گەندەڵی گەورە لە ساڵى 2022 بوو، زیاتر لە 3.7 تریلیۆن دینار لە بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى باج لە عێراق بردرا، دزییەکەش بە "دزیى سەدە" ناوى دەرکرد.