لە 22 ساڵدا 19 ملیۆن دار خورما لە عێراق لەنێوچوون
رووداو دیجیتاڵ
باخێکی خورمای شاری کووت کە دەکەوێتە دووریی 160 کیلۆمەتر لە باشووری رۆژهەڵاتی بەغدا ژمارەیەکی بەرچاو دارخورما تێیدا وشکبوون یان شکاونەتەوە. بەپێی هەندێک ئامار کە بەرپرسانی کشتوکاڵی عێراق خستوویانەتەڕوو، لە ماوەی 22 ساڵدا 19 ملیۆن دار خورما لەنێوچوون.
ئەرکان شەمەری، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای واست دەڵێت، "وشکەساڵی کە لە بەدرە و تەواوی عێراقی داوە، کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر خورمای ناوچە سنوورییەکان هەیە، بەتایبەت بەدرە و جەسان و بەشێک لە پارێزگای دیالە. هۆکاری نەبوونی ئاویش وڵاتانی دراوسێن، کە سەرچاوە ئاوییەکانی عێراقیان گرتووەتەوە."
بە گوتەی بەرپرسانی کشتوکاڵی عێراق، 30 ملیۆن دار خورما پێش ساڵی 1990 لە عێراق هەبوون، بەڵام وشکەساڵی، بەبیابانبوون و جەنگ وایان کردووە، ئەو ژمارەیە لە ساڵی 2012دا بۆ 11 ملیۆن کەم بێتەوە.
سوێربوونی ئاوی شەتولعەرەب زیانی گەورەی بە دار خورماکان گەیاندووە. عەلا بەدران، ئەندازیاری کشتوکاڵ دەڵێت، "کێشەی سوێربوونی ئاوی شەتولعەرەب لە نێوەڕاستی ساڵانی 90ـەکانەوە دەستیپێکرد، ئەگەر هاووڵاتییان بیانەوێت دار خورمای زیاتر بڕوێنن، ئەوا رووبەڕووی کێشەی ئاودان دەبنەوە، ئەوەش بەهۆی سوێریی ئاوەکە."
شارەزایانی کشتوکاڵ دەڵێن، پێش دەستپێکی شەڕی عێراق و ئێران شەش ملیۆن دار خورما لە بەسرە هەبوون و ئێستا تەنیا سێ ملیۆن دار خورما ماونەتەوە.
زیانەکان گەورەن، بەڵام هەوڵێکی کەمی بووژاندنەوەی باخی دار خورماکانیش هەیە. لە کێڵگەی فەداک 30 هەزار نەمامی دار خورما روێندراون و 6000 داریان لە ئێستاوە بەرهەمیان هەیە، خاوەنی کێڵگەکە دەڵێت، لە 2021دا لە باخەکەیدا 60 تۆن خورما بەرهەمی هەبووە.
محەمەد عەبدول مالی، بەڕێوەبەری بازرگانیی کێڵگەی خورمای فەداک ئاماژە بەوە دەکات، "کێڵگەی فەداک زیاتر لە 90 جۆر لە باشترین و دەگمەنترین جۆری خورمای عێراق و وڵاتانی عەرەبیی تێدا روێندراوە."
بەگوێرەی ئاماری بانکی جیهانی، دوای نەوت، خورما گەورەترین هەناردەی عێراق پێکدەهێنێت و لە ساڵی 2021دا 600 هەزار تۆن خورما بەرهەمی هەبووە. هاوکات لە هەناردەکردنی بەرهەمەکەشیدا 120 ملیۆن دۆلار داهاتی هەبووە.