کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، ئەم هەفتەیە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبنەوە. 
 
رۆژی شەممە، 17-06-2023 عیماد جەمیل، ئەندامی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوای سەردانی شاندێکی ئەنجوومەنەکەمان بۆ هەولێر و کۆبوونەوە لەگەڵ نێچیرڤان بازرانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بڕیاربوو سبەی لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان کۆببینەوە، بەڵام دواخرا."
 
ئەندامەکەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق گوتیشی: "بڕیارە هەر لەم یەک دوو رۆژە، رۆژێک بۆ کۆبوونەوە لەبارەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان دیاریبکەین، هەموو رۆژانی سێشەممە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق کۆدەبێتەوە، بۆیە رەنگە هەر لەو رۆژە لەبارەی ئەو پرسەش گفتوگۆبکەین، بەڵام ئەوە تەنیا گفتوگۆ دەبێت و بڕیاری کۆتایی نادرێت."
 
نێچێرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی 18ی تشرینی دووەمی 2023 بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکردووە، بڕیارە 6ـی تشرینی دووەم هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقیش بەڕێوەبچێت. بە گوتەی ئەو ئەندامەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، جگە لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان هیچ گرفتێکی دیکە لە پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان نییە. 
 
عیماد جەمیل گوتیشی: "گرفتی گەورەی ئێمە ئەوەیە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان خراوەتە مانگی تشرینی دووەم، لە هەمان مانگ هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراقیش بەڕێوەدەچێت، بۆیە پێویستە بە وردی گفتوگۆ لەوبارەوە بکەین و بزانین دەتوانین چ بڕیارێک بدەین، بۆ ئەوەی دواتر تووشی گرفت نەبین، چونکە ئەگەر سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان بکەین، واتە سەرپەرشتی هەموو پڕۆسەکە دەکەین."
 
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق كۆبووەوە؛ سەردانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ هەولێر لەسەر بانگهێشتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بوو بۆ گفتوگۆكردن و هەنگاوەكانی ئامادەكاریی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان. 
 
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت: "لە کۆبوونەوە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، گفتوگۆ لەبارەی هاوئاهەنگیمان کراوە بۆ ئەوەی بزانین کۆمیسیۆنی عێراق تاچەند دەتوانێت هاوکار بێت بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، لەوێش باس لەوە کراوە گرفت تەنیا بەرێوەچوونی هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقە لە یەک مانگدا، بەڵام سەرەڕای ئەوانەش، باس لە دواخستنی هیچ یەکێک لەو هەڵبژاردنانە نەکراوە."
 
رۆژی 9ـی تشرینی یەکەمی 2023 تەمەنی پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی 80 پەرلەمانتار بۆ کۆتایی 2023 درێژکرایەوە؛ چونکە بەهۆی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان و ناکۆکی لایەنەکان لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان بە فرە بازنەیی، نەتواندرا رۆژی 1ـی تشرینی یەکەمی 2022 هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت.
 
دواتر، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی 18ـی تشرینی دووەمی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد، بەڵام رۆژی 30ـی ئایاری 2023  دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاری دا کە درێژکردنەوەی تەمەنی ئەم خوولەی پەرلەمانی کوردستان "نادەستوورییە" بەوەش پەرلەمانی کوردستان نەیتوانی کۆمیسیۆنی هەڵبژارن کارابکاتەوە کە لە 2019ـەوە بەسەرچووە و پێویستە دووبارە کارابکرێتەوە. بۆیە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت پێویستە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرپەرشتی ئەو پڕۆسەیە بکات.