وەزارەتی پلاندانی عێراق: پێویستمان بە 16 تریلیۆن دینارە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە تەواونەکراوەکان
رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگاکانی عێراق سەروو 1,400 پڕۆژەی پەرەپێدان بەهۆی کێشەی جیاوازەوە دواخراون. لە یاسای بودجەی سێ ساڵی داهاتوو بەشێک لەو بودجەیە بۆ تەواوکردنی ئەو پڕۆژانە تەرخانکراوە. گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانی عێراق دەڵێت، "پێویستمان بە 16 ترلیۆن دینارە بۆ جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژانە."
لە وڵاتێکی وەک عێراق، حکومەت زۆربەی پڕۆژەکان جێبەجێ دەکات، بەو پێیەی بودجەی گشتی، سەرچاوەی پارەدارکردنی وڵاتە. حکومەتیش بەپێی پلانێکی تایبەت بەشێک لە بودجە بۆ کاری وەبەرهێنان تەرخان دەکات.
عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق دەڵێت، هەوڵێکی رژدی حکومی هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی پرۆژە دواخراو و تەواونەکراوەکان. پێشتر 1452 پرۆژەی تەواونەکراو هەبوون، ئێستاش 1063 پرۆژە هەن. هەوڵەکانی حکومەت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەم پرۆژانە بەردەوامە.
لە بەغدا، دەیان پرۆژەی تەواونەکراو و کێشەدار لەسەرجەم سێکتەرە جیاوازەکانی وەک تەندروستی، پەروەردە، خزمەتگوزاری، پرد و رێگاوبانەکان هەن. دوای پەسندکردنی بودجەی نوێ دەست بەچارەسەرکردنی کێشەکان و کارکردنەوەیان دەکرێتەوە.
محەممەد جابر عەتا، پارێزگاری بەغدا باس لەوە دەکات، "هەوڵ و بەدواداچوونی بەردەوام و چڕ لەلایەن وەزارەتە پەیوەندیدارەکان هەیە بۆ چارەسەرکردنی پرۆژە تەواونەکراو و کێشەدارەکان. پرۆژەی 55 قوتابخانەی تەواونەکراومان هەبوو، ئەمساڵ چارەسەرکرا و لە وەرزی نوێی خوێندندا دەرگاکانیان دەکرێتەوە. بەهۆی بڕیاری ژمارە 347ی ساڵی 2015، چەندین پرۆژەی دیکە بەناچاری کارکردن تێیاندا راگیران. ئێستا هەموو هەوڵەکانمان خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی چارەسەریان بکەین و بەردەوام لەگەڵ کۆمپانیا جێبەجێکارەکاندا لە گفتوگۆداین."
لە بودجەی نوێی عێراقدا، نزیکەی 47 ترلیۆن دینار بۆ پرۆژە وەبەرهێنانەکان تەرخانکراوە. وەزارەتی پلاندانانیش دەڵێت، پێویستی بە 16 ترلیۆن دینارە بۆ جێبەجێکردنی پرۆژە تەواونەکراوەکان.
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوون و شارەوانییەکان، ژمارەی ئەو کۆمپانیانەی ئەمساڵ لە جێبەجێکردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەکاندا دواکەوتوون، گەیشتووەتە 100 کۆمپانیا.