20 ساڵ دوای دەستبەکاربوونی یونامی، ئاڵەنگارییەکانی بەردەم عێراق چین؟

 
رووداو دیجیتاڵ 

"ئەو عێراقەی ئێستا هەیە، لەو وڵاتە جیاوازە کە 20 ساڵ لەمەوبەر بۆ یەکەمین جار یونامیی تێدا جێگیرکرا، بێگومان جیاوازیشە لەو وڵاتەی کە من لە ساڵی 2018 پێی گەیشتم." ئەمە قسەی جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو لە کۆبوونەوەیەکی رێکخراوەکە تایبەت بە دۆخی عێراق. 
 
ئەوە دوا راپۆرتی خانمە سیاسەتڤانە هۆڵەندییەکە بوو کە دوای 5 ساڵ و نیو کارکردن لە لووتکەی تیمی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لە عێراق دەستبەرداری کارەکەی دەبێت. 
 
پلاسخارت، وەک هەمیشە، باسی لە بەرەوپێشچوون، دەرفەت و خاڵە ئەرێنییەکانی عێراقی کرد. بەڵام وەک هەمیشەش، بە روونی باسی لە مەترسی و ئاڵەنگارییەکانی بەردەم وڵاتەکە کرد. 
 
دوایین راپۆرتی پلاسخارت بۆ ئەنجوومەنی ئاساییش، پێماندەڵێت کە ئەم ئاڵەنگاری و مەترسییانە لە بەردەم عێراق ماون:
 
1- گەندەڵی و بەکارهێنانی حکومەت بۆ خزمەتی حزب بوونەتە بەربەست لە بەردەم بەڕێوەبردن و پێشڤەچوونی وڵات. 
 
2- خۆدزینەوە لە یاسا و گرووپە چەکدارەکانی دەرەوەی کۆنترۆڵی حکومەت: بەربەستی بەردەم سەقامگیری و سەروەریی یاسان لە عێراق.
 
2- پەراوێزخستن و بەلاوەنان: هەندێ لایەن و پێکهاتە هەست دەکەن پەراوێزخراون، ئەوەش مەترسیی دروستبوونی گرژی لە نێو و لە نێوان کۆمەڵانی خەڵکدا لێدەکەوێتەوە کە دەکرێت سەر بۆ ناسەقامگیریی زیاتر بکێشێت. 
 
4- لەسێدارەدانی بەکۆمەڵی نهێنی: زیادبوونی ئەم دوایەی جێبەجێکردنی لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ، بە دیاریکراویش دژی کەسانەی بە یاسای دژە تیرۆر سزادراون، هۆکاری نیگەرانییە و دەکرێت ببێتە هۆی پێشێڵکاری دژی مافەکانی مرۆڤ.
 
5- بەربەستی بەردەم رۆڵی ژنان: وێڕای بەرەوپێشچوون، هێشتا بەرەبستی گەورە لە بەردەم رۆڵ پێدانی ژنان و بەشداریکردنیان لە پڕۆسەی بڕیارداندا هەیە؛ پێویستە هەوڵی باشتر لەم رووەوە بدرێت.
 
6- بنبەستی سیاسی: بنبەستە سیاسییەکان، وەک ئەوانەی پارێزگاکانی کەرکووک و دیالە، هەروەها بۆشایی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بوونەتە بەربەست لە بەردەم بەڕێوەبردنی سەرکەوتووانەی وڵات و سەقامگیریی سیاسی.
 
7- ژینگەی ئەمنیی ئاڵۆز: ئەگەرچی هەوڵ بۆ پاراستنی ئارامی دراوە، عێراق رووبەڕووی ژینگەیەکی ئەمنیی ئاڵۆز دەبێتەوە، ئەوەش بەهۆی هەبوونی گرووپی چەکدار و گوشاری هەرێمی. ئەمانە مەترسیی لێکدانەوەی هەڵە و دروستبوونی ململانێیان لێ دەکرێت. 
 
8- ئاوارەیی و ئاوەدانکردنەوە: هێواشیی پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوە لەو ناوچانەی پێشتر شەڕ وێرانیکردوون، هاوتەریب لەگەڵ ئاڵەنگارییەکانی ئاوارەیی، دەرخەری ئەوەن کە پێویستە هەوڵی جیدی بۆ ئاوەدانکردنەوەی ژێرخان و ئاسانکردنی گەڕانەوەی ئاوارەکان بدرێت.
 
9- دۆخی هەرێمی: ژینگەی ئەمنیی هەرێمیی عێراق شڵۆقە؛ ململانێی بەردەوامی وڵاتە دراوسێکان، مەترسییە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی عێراق. 
 
10- گەڕاندنەوەی هاووڵاتیان لە رۆژئاوای کوردستان: گەڕاندنەوەی هاووڵاتیانی عێراق لە کەمپەکانی رۆژئاوای کوردستان پێویستی بە سەرنج و بایەخی زیاترە بۆ پێشگرتن لە مەترسییە ئەمنییەکان و رەواندنەوەی نیگەرانییە مرۆییەکان. مەبەست لەو هاووڵاتیانە، ئەوانەن کە پەیوەندیان بە چەکدارانی داعشەوە هەبووە. 
 
11- خەڵک و سامانی بێسەروشوێن: چارەسەرکردنی پرسی بێسەروشوێنبوونی هاووڵاتییانی کوێت و وڵاتانی دیکەی سێیەم و سامانی کوێتی لە عێراق، بەرەوپێشچوونی کەمی هەبووە و پێویستە هەوڵەکان زیاتر بکرێن.