لیندزی گراهام بۆ رووداو: دەمانەوێت عێراق بە یەکگرتوویی بهێڵینەوە ئەوەش پرسێکی ئاڵۆزە
رووداو دیجیتاڵ
سێناتۆرێکی دیاری کۆمارییەکان دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق بە رووداوی گوت "ئێمە دەمانەوێت عێراق بە یەکگرتوویی بهێڵینەوە، نەوەک جیایبکەینەوە. ئەوەش پرسێکی ئاڵۆزە و بۆ چەندین ساڵی دیکەش ئاڵۆز دەبێت."
ئەمڕۆ (چوارشەممە، 17-4-2024) لیندزی گراهام، کە یەکێکە لە سیناتۆرە دیارەکانی کۆمارییەکان لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی لە واشنتن کۆبووەوە، دواتر لە رێگەی رووداو باسی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیانی کرد، ئاماژەی بەوە دا لەبارەی داعش، دۆخی ناوچەکە و کاریگەریی بەسەر عێراق، یەکگرتوویی عێراق و کورد قسەیان کردووە.
لینزی گراهام گوتی "کۆبوونەوەیەکی نایابمان هەبوو، باسمان لە سەقامگیری کرد و دڵنیابوون لەوەی داعش نەگەڕێتەوە. چونکە ئەوە لەبەرژەوەندیی کەسدا نییە."
سەبارەت بە دۆخی ناوچەکە بەتایبەتی لەدوای هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل کە زیاتر لە 300 مووشەک و درۆنی ئاراستە کرد، گراهام دەڵێ "دۆخی ناوچەکە، کاریگەریی لەسەر عێراق هەیە. دەزانم ئێوە (عێراق) پەیوەندییەکی جیاوازتان لەگەڵ ئێراندا هەیە و رێز لەوە دەگرم. سەرۆکوەزیران، کەسێکی شارەزاییە و دەیناسم، پێموایە ئەوە لەبەرژەوەندیی ئەمریکایە کە دڵنیابێت لەوەی عێراق بەیەکگرتوویی بمێنێتەوە و وەکو یەک وڵات و لەرووی ئابووریشەوە پێشبکەوێت."
سیناتۆرە ئەمریکییەکە نەیشاردەوە ئەوەی ئەو زۆر بایەخی پێدەدات ئەوەی ''چۆن بتوانین تێکەڵبوونێکی ئابووریمان هەبێت. نەک تەنیا هاوپەیمانیێتییەکی سەربازیی. بەڵکو هاوپەیمانیێتییەکی ئابووری کە لەبەرژەوەندیی هەردو وڵات دەبێت."
سەبارەت بە پرسەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، کە "چۆن دەکرێ چارەسەرکردنیان لە بەرژەوەندیی ئەمریکا بێت؟" لینزی گراهام بە رووداوی گوت "راستییەکەی چۆن سامانی عێراق دابەشبکرێت گفتوگۆیەکی بەردەوامە و ئێمە دەمانەوێت عێراق بەیەکگرتوویی بهێڵینەوە، نەک جیای بکەینەوە. ئەوەش پرسێکی ئاڵۆزە و بۆ چەندین ساڵی دیکەش ئاڵۆز دەبێت. بەڵام ئومێد بۆ ناوچەکە دەبینم و چەند رێککەوتنێک کراون و سەقامگیرییان گەڕاندووەتەوە. ناوچەکە لە ساتێکی هەستیاردایە تێدەپەڕێت. ئەوەی دەتوانم لەسەر عێراق بیڵێم ئەوەیە؛ بەڵێ ئەوە دەکرێ؛ شیعە، سوننە و کورد و کریستیانەکان دەتوانن پێکەوە بژین."
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا دەربارەی کورد و نیگەرانییەکانی لە بەرامبەر بە بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵ، لینزی گراهام، سیناتۆری ئەمریکی گوتی ئەوەشیان لە کۆبوونەوەکەدا باس کردووە و "تێبینییەکانی خۆمم لەگەڵ سەرۆکوەزیران باس کرد، بزانین چی دەبێت.''