عێراق بۆرسەکەی بە ئەبوزەبییەوە دەبەستێتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
عێراق دەیەوێت وەبەرهێنەرانی بازاڕە داراییەکانی وڵاتەکەی روو لە بۆرسەی ئەبوزەبی بکەن.
 
دەستەی بازاڕی کاخەزە داراییەکانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، فەیسەڵ هەیمەس، سەرۆکی دەستەکە لە سەردانێکی فەرمیدا بۆ ئەبوزەبی، لەگەڵ سالم نوێمی، هاوتا ئیماراتییەکەی کۆبووەوە".
 
لە کۆبوونەوەکەدا رێگەکانی زیادکردنی هاوئاهەنگیی نێوان بازاڕە داراییەکان [بۆرسەی] هەردوو وڵات کراوە. هەروەها هەردوولا باسیان لە رێککەوتنێکی هاوبەش کردووە بە ئامانجی ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکان و پەرەپێدانی میکانیزمی کارکردن لە بازاڕە داراییەکان".
 
دەستەی بازاڕی کاخەزە داراییەکانی عێراق دەڵێت: "تاوتوێی میکانیزمی هاتنە ناوەوەی بۆرسەی عێراقی بۆ نێو پلاتفۆڕمی "تەبادول" بۆ ئاڵوگۆڕی دیجیتاڵی کراوە کە لەلایەن بۆرسەی ئەبوزەبیەوە لە ساڵی 2022 دامەزراوە."
 
پلاتفۆرمی تەبادول [ئاڵوگۆڕ] یەکەم ناوەندی ئاڵوگۆڕی دیجیتاڵیی بازاڕە داراییەکانە لەسەر ئاستی ناوچەکە کە 8 بازاڕی دارایی لەخۆدەگرێت کە بریتین لە بۆرسەی عەمان، بۆرسەی ئەبوزەبی، بۆرسەی بەحرەین، بۆرسەی مەسقەت، بۆرسەی کازاخستان، بۆرسەی نێودەوڵەتیی ئاستانە، بۆرسەی ئاسیای ناوەڕاست و بۆرسەی ئەرمینیا.
 
بەپێی ماڵپەڕی بازاڕی دارایی ئەبوزەبی، پلاتفۆرمەکە دەستڕاگەیشتن بە زیاتر لە 6 ملیۆن و 500 هەزار وەبەرهێنەری بازاڕە داراییەکان و زیاتر لە 330 کۆمپانیا ئاسان دەکات کە لەو بازاڕەدا مامەڵە دەکەن.