کۆمیسیۆن لە ئەنبار بۆ رووداو: هیچ پێشێلکارییەک لە دەنگداندا نەبووە

رووداو دیجیتاڵ 

قوتەیبە مەحموود، بەرپرسی راگەیاندنی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە پارێزگای ئەنبار دووپاتی کردەوە کە دەنگدانی تایبەتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەکان بە شێوەیەکی باش بەڕێوەچووە بێئەوەی هیچ پێشێلکارییەکی ئەمنی تۆمار بکرێت، ئاماژەی بەوەشکرد، رێژەی بەشداریکردن تا نیوەڕۆ 39%ی تێپەڕاندووە.
 
ئەمڕۆ شەممە (16ی کانونی یەکەمی 2023)، قوتەیبە مەحموود لە بنکەیەکی دەنگدانی قەزای فەللوجە بە ئەنمار غازی، پەیامنێری رووداوی راگەیاند، "پرۆسەی دەنگدان لە کاژێر 7:00ی بەیانی دەستیپێکردووە و تا کاژێر 6:00ی ئێوارە بەردەوام بوو،" ئاماژەی بەوەشکرد، "رێژەی دەنگدان گەیشتووەتە زیاتر لە 39%ی کۆی گشتیی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە، کە ژمارەیان 104 هەزار و 498 کەسە."
 
ئەو بەرپرسە میدیاییەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە ئەنبار ئاماژەی بەوە کرد کە رێژەی بەشداریکردن لە یەکێک لە ناوەندەکانی دەنگدان لە شاری فەللوجە گەیشتووەتە 85% و "پێشبینی دەکرێت زیاتر بەرزبێتەوە،" ئاماژەی بەوەشکرد، رێژەی بەشداریکردن لە دەنگدانی گشتیشدا کە رۆژی دووشەممە دەبێت، بەرزدەبێتەوە، چونکە "وەرگرتنی کارتی دەنگدان [لە لایەن دەنگدەرانەوە] گەیشتووەتە 95%."
 
قوتەیبە مەحموود، باسی لەوە کرد کە لە دەنگدانی تایبەتدا، تا دوو کاژێر بەر لە داخستنی ناوەندەکانی دەنگدان، "هەستمان بە هیچ پێشێلکارییەکی ئەمنی نەکردووە، تەنها کێشەیەکی تەکنیکی نەبێت کە لە ژمارەیەک وێستگەدا روویدا کە رەنگە تەنیا دوو وێستگە بن. کێشەکە لە لایەن تیمەکانمانەوە کە لە سەرانسەری پارێزگاکەدا جێگیرکراون چارەسەرکرا بەبێ ئەوەی کاریگەری لەسەر پرۆسەکە هەبێت." 
 
ئەو بەرپرسە گوتیشی: "پێشبینی دەکەین رێژەی بەشداریکردنی بەرز بێت،" جەختیشی لەوە کردەوە کە "ئامێرەکانی دەنگدان لە کاژێر 6:00ی ئێوارە داخراون و ناتوانرێت لەوە زیاتر درێژبکرێتەوە"، گوتیشی کە "دوای ئەوە ژماردن و ریزکردنی ئەلیکترۆنی ئەنجام دەدرێت و لیستی ئەنجامەکان [لە ئامێرەکان] دەردەهێنرێت و پاشان ئەنجامەکان بە دەست دەژمێردرێن و جیادەکرێنەوە و لە رێگەی مانگی دەستکردەوە دەنێردرێت بۆ ناوەندی نیشتمانی لە بەغدا.“
 
ئاوارەکان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان لە دەنگدانی تایبەتدا دەنگ دەدەن. ژمارەی ئەو ئاوارانەی مافی دەنگدانیان هەیە 48 هەزار و 260 کەسە و ژمارەی ناوەندەکانی دەنگدانیان 35 و ژمارەی وێستگەکانیش 120 وێستگەیە.
 
دەنگدان لە کاژێر 7:00ی بەیانی دەستیپێکرد، کاژێر شەش سندووقەکان داخران. 
 
پێشتر کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوتبوو، نزیکەی 500 کەس لە وڵاتە جیاجیاکان چاودێریی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەکەن، لەنێویاندا کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی لیبیا.
 
بۆ هەڵبژاردنی گشتیی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کە 18ـی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت، 16 ملیۆن و 158 هەزار و 788 کەس مافی دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیە ئەمڕۆ و لە دەنگدانی تایبەتەدا ملیۆنێک و دوو هەزار و 393 دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەبوو و لەو ژمارەیەش 48 هەزار و 260 کەس ئاوارەن و مافی دەنگدانیان هەیە کە لە هەرێمی کوردستاندا دەژین.