پارتی بە لیستی ژمارە 197 و یەکێتی بە 120 بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
پارتی دیموکراتی کوردستان بە لیستی ژمارە 197 و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ژمارە 120 بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکەن. کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، "لە هەڵبژاردنەکاندا 39 هاوپەیمانی و 29 حیزب بەشداری دەکەن."
شەممە 16-09-2023 کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق تیروپشکی بۆ دیاریکردنی ژمارەی پارت، بەربژێرە سەربەخۆکان و لیستی هاوپەیمانییەکانی کرد. بەگوێرەی ئەنجامی تیروپشکەکە، پارتی دیموکراتی کوردستان بە لیستی ژمارە 197 و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ژمارە 120 بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکەن.
هەروەها کۆمەڵی دادگەریی کوردستان و یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانیش کە هاوپەیمانێتییەکیان بە ناوی "مەشخەڵی کەرکووک" پێکهێناوە لە لیستی ژمارە 163ـدان. حیزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بە ژمارە 202 لیستیان هەیە و بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکەن.
بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، 39 هاوپەیمانی، 29 حیزب و 66 بەربژێری سەربەخۆ و کۆتاکان بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەکەن.
بڕیارە لە 18ى کانوونى دووەمی 2023 هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق بکرێت، بۆ یەکەمجار لە ساڵى 2005ـەوە ئەو هەڵبژاردنە لە کەرکووک دەکرێت، دوایین هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە عێراق کرابێت لە ساڵى 2013 بوو؛ لە ساڵى 2019 کارى ئەنجوومەنى پارێزگاکان سڕ کرا.
بەپێی یاسای نوێی هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە 285 کورسی پێکدێت، کە 10 کورسییان بۆ پێکهاتەکان لە چوارچێوەی کورسیی کۆتا تەرخان دەکرێن، بەو پێیە ئەگەر ئەو کەسانەی خۆیان بەربژێر کردووە دابەشی کورسییەکان بکرێن، هەر کورسییەکی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بە تێکڕا زیاتر لە 21 بەربژێر رکابەرایەتیی لەسەر دەکەن.