وەزیرێکی عێراق لەبارەی دەنگدان بە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان: خوا گەورەیە
رووداو - بەغدا
رۆژی یەکشەممە 17ی ئەیلوول بەغدا وەڵامی هەولێر دەداتەوە، دوای ئەوەی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق چاوەڕوان دەکرێت بڕیار لە ناردنی چوار تریلیۆن و 800 ملیار دینار بدات بۆ مووچەی فەرمانبەران کە حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای کردووە بۆ مانگەکانی حەوت تاوەکو 12.
رووداو لە وەزیری خوێندنی باڵای عێراقی پرسی، کە لە عەسائب ئەهلل حەقە، "دەنگ بەو بڕگەیە دەدەن کە تایبەتە بە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان؟" نەعیم عەبودی، وەزیری خوێندنی باڵای عێراق لە وەڵامدا گوتی، "چاوەڕێی گفتوگۆکانی ئەنجوومەنی وەزیران دەکەین، خوا گەورەیە، ئەمە بۆچوونی سیاسییە."
لایەنە سیاسییەکانی عێراق بە شیعە و سوننەوە، دوای کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان، جۆرێک لە هاوسۆزییان بۆ دروستبووە تاوەکو بڕیار لە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بدرێت، بەڵام دیار نییە ئاخۆ بڕەکەی چەند دەبێت.
عارف حەمامی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق لە دەوڵەتی یاسا دەڵێت، "پێموایە ئێستا باشترین کاتە کە سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی عێراق و کوردستان لێک نزیکبوونەوە لەنێوانیان دروستبووە، ناکۆکی ئێستا لە جێبەجێکردندایە، واتە ناکۆکیی ئیداری و دارایی هەیە، ئێمە پشتیوانی لە هەر چارەسەرێک دەکەین کە پێشکێش کراون لەژێر رۆشنایی یاسا و دەستوور لەلایەن حکومەتەوە."
پێشتر ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری ناردنی 500 ملیار دیناری وەکو قەرز بۆ مانگەکانی 9 و 10 و 11 دابوو، بەڵام ناڕەزایی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لێکەوتەوە، بۆیە دەستکرا بە کۆبوونەوە سیاسییەکان بە ئامانجی پێداچوونەوە بەو بڕیارە تاوەکو کێشەکان چارەسەر دەکرێن.