هەرێم کەمال ئاغا: پێشنیازی ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەخرێتە دەنگدانەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "سبەی یەکشەممە 17ی ئەیلوول یەکێک لە وەزیرەکان لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان پێشنیاز دەکات و دواتر ئەو پێشنیازە دەخرێتە دەنگدانەوە." دەشڵێت، ئەو بڕە پارەیەی بڕیارە بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت "بە قەرزە."
رۆژی پێنجشەممە 14-09-2023 شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان و گرفتەکانی دیکەی نێوان هەولێر و بەغدا سەردانی بەغدای کرد؛ دواتر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، گفتوگۆکانیان "ئەرێنی بوون."
هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ شەممە 16-09-2023 لە بوولتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، گوتی، "سبەی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا ئەو پێشنیازەی بۆ ناردنی 800 ملیار دیناری مانگانە بۆ هەرێمی کوردستان لەلایەن یەکێک لە وەزیرەکانەوە دەکرێت، دەخرێتە دەنگدانەوە و ئەگەر دەنگی پێویستی بەدەستهێنا، ئەوا پارەکە بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت. لایەنەکان بەڵێنیان داوە رێگری بۆ ناردنی پارە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دروست نەکەن."
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق گوتیشی، "ئەو پارەیەی بڕیارە بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت، بە شێوەی قەرز دەبێت و لەگەڵ داهاتی نێوخۆی هەرێمی کوردستان پێداویستیی مووچە پڕدەکاتەوە. تاوەکو ئێستا یاسای بودجە بۆ وەزارەتەکانی عێراقیش جێبەجێ نەکراوە و عێراق ترسی لە دابەزینی نرخی نەوت هەیە، ئەمەش هۆکاری نەخستنەبواری جێبەجێکردنی یاسای بودجەیە."
بە گوتەی هەرێم کەمال ئاغا، "یەکدەنگبوونی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی عێراق لەکاتی سەردانی شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کاریگەریی باشی هەبوو. ویستێکی راستەقینەش هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان. بەشی زۆری لایەنەکانی نێو پەرلەمانی عێراق لەگەڵ چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانن، بەڵام بەشێکیان دەڵێن ئێمە دەنگمان بە یاساکە داوە و دەبێت یاساکە جێبەجێ بکرێت."
بڕیاربوو رۆژی پێنجشەممە 14-09-2023 لە پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بدرێت، بەڵام کۆبوونەوەکە دواخرا و چاوەڕوان دەکرێت دووشەممە دەنگی لەسەر بدرێت.
هەرێم کەمال ئاغا گوتی، "هیچ کێشەیەکی سیاسی بۆ دەنگدان بە بەپارێزگابوونی هەڵەبجە نییە. لەگەڵ فراکسیۆن و پەرلەمانتاران قسەمان کردووە و داوامان کردووە دەنگ بە بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بدرێت. پێشتر چەند بەڵێنێک بە هەڵەبجە دراوە و تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەکراون؛ دەمانەوێت ئەو بەڵێنانەی بە هەڵەبجە دراون جێبەجێ بکرێن."