هەنگەوانێکی عێراقی دەڵێ بەهۆی گەرما ناچاربووە هەنگەکانی بگوازێتەوە شاخێکی هەرێمی کوردستان
رووداو دیجیتاڵ
گەرمایێکی تاقەتپڕووکێن پارێزگەی بابلی نێوەڕاستی عێراقی گرتووەتەوە. بەرهەمی هەنگوینی پارێزگاکەش زۆرترین زیانی بەهۆی وشکەساڵی و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما بەرکەوتووە.
محەممەد عەلیاویی هەنگەوان بە سەیرکردنی پوورە هەنگەکانی کە لەنێو باخەکانی رەغیلە لەژێر دارخورما بەرزەکاندا دانراون، باش لە زیانەکان تێدەگات.
عەلیاوی، جێگری بەڕێوەبەری کۆمەڵەیەکی هەنگەوانانە، دەڵێت: "ئاو نییە، بۆیە هیچ گوڵ و گیایێک نییە بۆ تێرکردنی هەنگەکان."
زەویەکە قڵیشاوە، بەرهەمداربوونی شووتی و کاڵەکیش تا دێت بەهۆی وشکەساڵی و گەرمای تەممووزەوە، کە هەندێ جار دەگاتە 50 پلەی سیلیزی، زەحمەتر دەبێت. ئەمەش رەنگدانەوەی خراپی لەسەر هەنگەکان هەبووە.
عەلیاوی دەڵێت، هەنگەکان بەردەوام پێویستیان بە رووەک هەیە بۆ کۆکردنەوەی دەنکە هەڵاڵە و شیلەی پێویست بۆ دروستکردنی هەنگوین؛ بەردەوام لە جووڵەدان و سەدان مەتر دەبڕن بۆ دۆزینەوەی خۆراکەکەیان.
بەڵام وشکەساڵی، هەنگەکانی ناچارکردووە دوورتر بڕۆن، هەندێ جار تاوەکو حەوت کیلۆمەتر بۆ ئەوەی دەنکە هەڵاڵەکان بگوازنەوە و رووەکەکان بپیتێنن.
هەنگەکان بە گواستنەوەی دەنکە هەڵاڵە لە پۆرگ (نێرینە) بۆ کۆسپ یان هێلکۆکە (مێینە)ـی رووەکەکان، یارمەتیی زۆربوونی رووەکەکان و پاراستنیان لە قڕبوون دەدەن، بەو کردارەش دەگوترێت پەڕین.
عەلیاوی ئاماژە بەوە دەکات، دوورکەوتنەوەی نێچیری هەنگەکان "کاریگەری دەخاتە سەر تەمەنی هەنگە کارکەرەکان،" یاخود ئەو هەنگە مێیانەی دەنکە هەڵاڵە و شیلە کۆدەکەنەوە، ئاماژە بەوەش دەکات، "لە دۆخێکی نموونەییدا، هەنگی کارکەر دەتوانێت تاوەکو 60 رۆژ بژیت، بەڵام لەم دۆخەدا، تەنیا 20 رۆژ دەژی".
هەنگەکان لە پلەی گەرمیی 30 بۆ 35ـی سیلیزیدا گەشەدەکەن، نەک لە گەرمای سووتێنەر، کە لە عێراق هەندێ جار دەگاتە 50 پلەی سیلیزی، ئەمە وەک هەنگەوانەکە باسی دەکات.
عەلیاوی ناچاربووە دەیان پوورە هەنگ لە نێوەڕاستی عێراقەوە بگوازێتەوە بۆ شاخەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی لە هەوایێکی فێنکتر و زەویێکی سەوزتردا، هەنگوینی زیاتر بەرهەمبێنن. ئەو دەڵێت: "ئەگەر نەیانگوازینەوە، هەنگەکان نەهامەتییان بەسەردێت".
گواستنەوەی پوورە هەنگەکان
لە رۆژێکی گەرمی تەممووزدا، عەلیاوی و تیمەکەی، جلی هەنگەوانییان لەبەرکردووە و سەیری شانە هەنگەکانی نێو سندووقەکان دەکەن.
دووکەڵ لە شانەکان نزیکدەکەنەوە بۆ ئەوەی هەنگەکان ئارامبکەنەوە.
عەلیاوی دەڵێت، لە دەیەی یەکەمی ئەم سەدەیەدا، هەر پوورە هەنگێک نزیکەی 20 بۆ 25 کیلۆگرام هەنگوینی لە ساڵێکدا بەرهەمدەهێنا، بەڵام ئێستا بۆ تەنیا 5 کیلۆگرام کەمبووەتەوە.
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، عێراق یەکێکە لەو پێنج وڵاتەی زۆرترین کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوایان لەسەرە. لایەنە پەیوەندیدارەکانی وڵاتەکە ئاماژە بەوە دەکەن، چوار ساڵی لەسەر یەکە عێراق بە وشکەساڵیدا دەڕوات.
وڵاتی نێوان دوو رووبارەکە، بە دەست گەرمای سووتێنەری هاوین، کەمبوونەوەی باران، زیادبوونی خۆڵبارین و دابەزینی ئاستی ئاوی دیجلە و فوڕات بەهۆی گرتنەوەی ئاوەکەیان لە ئەنجامی دروستکردنی بەنداو لەو دیوی سنوورەکانەوە، شەکەت بووە.
وێڕای ئەم دەردەسەریانە، هاشم زهێری، سەرۆکی بەشی هەنگەوانی لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، گەشبینە و دەڵێت، بەرهەمی هەنگوین "ساڵ دوای ساڵ زیاتر دەبێت".
لە ساڵی 2022، بەرهەمی هەنگوین لە عێراق 870 تۆن و لە هەرێمی کوردستانیش 850 تۆن؛ ساڵی پێشتر لە هەریەکیان نزیکەی 700 تۆن بوو.
زهێری دەڵێت، لێکۆڵینەوەیەکی لەسەر سوودەکانی گواستنەوەی پوورە هەنگەکان لە عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان و بە پێچەوانەشەوە ئامادە کردووە بۆ باشکردنی بەرهەم.
خۆڵبارین
بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتێکی ساڵی 2020ـدا باسی لەوە کردبوو، "بۆ ماوەی نزیکەی 8 هەزار ساڵە کاری هەنگەوانی لە عێراق هەبووە" و، لە تاتە قووڕینەکانی سۆمەرییەکاندا بەڵگە دۆزراونەتەوە لەسەر ئەوەی، هەنگوین وەک دەرمان بەکارهێنراوە.
لە سەردەمی نوێدا، پیاوان پیشەی هەنگەوانیان لە وڵاتەکەدا قۆرخکردووە، بەڵام ئەوە نەبووەتە رێگر لە بەردەم زەینەب مەعمووری، کە لە رێگەی هاوژینی کۆچکردوویەوە خوولیای هەنگەوانیی پەیداکردووە.
دوای سێ دەیە لەو کارە، زەینەب کە ئێستا لە سەرەتای پەنجاکانی تەمەنیدایە، 250 پوورە هەنگی لە پارێزگەی بابل هەیە، کە دەیانیان لە حەوشەی ماڵەکەیدان.
زەینەب داخ بۆ کاریگەریی گەرمبوونی هەسارەکە لەسەر هەنگەکانی دەخوات.
ئەو دەڵێت "بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی، کار لە هەنگەکان دەکات و شاهەنگەکە گەرا دانانێت"، ئەگەر کەشەکە زۆر گەرم بێت. کاتێکیش کە خۆڵ دەبارێت، "ئەگەر هەنگەکان لە دەرەوە بن، نیوەیان ناگەڕێنەوە".