شیعەکانی عێراق دووشەممە دەکەنە یەکەمین رۆژی جەژنی قوربان
رووداو دیجیتاڵ
سوننەکانی عێراق ئەمڕیان کردە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان. سبەی شیعەی عێراق جەژنی قوربان دەکەن.
ئەوەی لە سەرەتای ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت و دەبیسترێت، دەنگى ئەڵاهوئەکبەرى جەژنە لە بڵندگۆى مزگەوتەکان بەرز دەبێتەوە. نوێژخوێنان لە مزگەوتى ئەبى حەنیفە لە ناوچەى ئەعزەمیەى زۆرینە سوننەى بەغدا کۆبوونەوە بە ژن و پیاو و منداڵەوە، سڵاو و پیرۆبایی جەژن لەیەکدى دەکەن، لەوێ هەستکردن بە خۆشەویستی و ئاسوودەیی باڵى بەسەر هەموواندا کێشاوە.
شێخ ئەحمەد عەبدولخالق، پیاوى ئایینى سوننە دەڵێت: "ئەگەر لەسەر پرسی دیاریکردنى یەکەم رۆژى مانگى زیلحیجە جیاواز بین، ئێمە ئەمڕۆ لە رۆژى دەیە و کۆتایی دە رۆژى پیرۆزداین، حاجییەکان لەسەر کێوى عەرەفە دەوەستن بەهۆى ئەوەى پێغەمبەرى خودا سەلامى خواى لێ بێت پێى گوتووە حەجى عەرەفە، ئەوەى لە عەرەفە بووبێیت بووە بە حاجی، ئەوەش کە عەرەفەى لە دەستدابێت، حەجیشی لە دەستداوە".
پردى ئەئیمە هەردوو ناوچەى ئەعزەمیە و کازمیە جیادەکاتەوە کە دوو ناوچەى جیاوازن لە رووى مەزهەبییەوە کە بەر لە دوو دەیە رووبەرووى رووداوێک بووەوە و تیایدا زیاتر لە هەزار کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستدا.
کاتێک کە بە رووبارەکەدا تێپەڕ دەبیت بۆ ناوچەى کازمیە، لەوێ هیچ کەشێکى جەژن بەدى ناکەیت، چونکە لەوێ سبەى کراوە بە جەژن. بەگوێرەى بینینى شەرعیی مانگ بەلاى مەرجەعى ئایینى شیعەکان، زانایان باس لەوە دەکەن کە ناکۆکى هەیە لە پرسی بینینى مانگ لە نێوان هەردوو مەزهەبی شیعە و سوننە.
سەید وەمیز موسەوى، پیاوى ئایینى شیعەیە و دەڵێت: "سەرەتاى مانگى شەرعی جیاوازە بە جیاوازى تێڕوانینى بنەماى زانایان لە نێوان دوو قوتابخانە ئیسلامییەکە کە ئەوانیش قوتابخانەى پاوەران و شوێنکەوتووانى ئەهلولبەیتن سڵاوى خوایان لێ بێت، بۆیە جیاوازیى بنەماى زانایان لە دیاریکردنى یەکەم رۆژى مانگى شەرعی و ایکردووە جیاوازى هەبێت لە دیاریکردنى یەکەم رۆژى جەژنەکان، ئەگەر هەیە لە رۆژێک یان زیاتر جیاواز بین یان رێکبکەوین لەگەڵ پێداچوونى بنەما فیقهییەکان لە دیاریکردنى مانگ."
ناکۆکییەکى جێگیر نییە لە نێوان مەزهەبەکان لە دیاریکردنى یەکەم رۆژى جەژن، پشت بەستن بە بینینى مانگ بە چاو تەنیا رێگەیە بۆ مەرجەعى شیعە، بەڵام سوننەکان پەست بە ئامێرى تەلیسکۆپ و هەڵسەنگاندنە فەلەکییەکان دەبەستن.