بانکی ناوەندی 272 ملیۆن دۆلاری خستە بازاڕەوە؛ بەهای دینار بەزربووەوە
رووداو دیجیتاڵ
بانکی ناوەندیی عێراق 272 ملیۆن دۆلاری خستە بازاڕەوە و بەهای دیناریش بەرامبەر دۆلار بەراورد بە کاتی کردنەوەی بۆرسە بەرزبووەوە.
رۆژی سیشەممە، 16-05-2023 بانکی ناوەندی عێراق 272 ملیۆن دۆلاری خستە بازاڕەوە کە 216 ملیۆن دۆلاری بەشێوەی حەواڵە و 56 ملیۆن دۆلاریی بەشێوەی کاشە.
حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی بازاڕی گۆڕینەوەی دراو لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەیانیی ئەمڕۆ بەهای 100 دۆلاری ئەمریکی بە 146 هەزار و 700 دینار مامەڵەی پێوەکرا، بەڵام دوای ئەوەی بانکی ناوەندی دۆلاری خستە بازاڕەوە، دوانیوەڕۆ بەهای 100 دۆلاری ئەمریکی بە 145 هەزار و 550 دینار مامەڵەی پێوەکرا.
لە کۆتایی مانگی نیسانەوە بەهای دیناری عێراق بەرامبەر دۆلار بەرزببووەوە و 100 دۆلار لە نێوان 141 بۆ 142 هەزار دینار بوو، بەڵام دوو هەفتەیە بەهای دینار رووی لە نزمبوونەوە کردووە و بە زیاتر لە 147 هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەکرا، بەڵام ئەمڕۆ دووبارە بەهای دینار بەرزبووەوە.
سەرەڕای هەوڵ و رێکارەکانی بانکی ناوەندیی عێراق بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار، بەڵام بەهای دینار ناجێگیرە، رۆژی 2ـی شوباتی 2023 بۆ یەکەمجار بەهای 100 دۆلار 170 هەزار دیناری تێپەڕاند.
لە 20-12-2020 بانکی ناوەندیی عێراق بڕیاریدا نرخی فرۆشتنی هەر دۆلارێکی ئەمریکی لە 1180 دینارەوە بۆ 1460 دینار زیاد بکات، تاوەکو نزیکەی دوو ساڵ بەهای دینار جێگیربوو، تاوەکو رۆژی 11-12-2022 نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی 150 هەزار دیناری عێراقیی تێپەڕاند. ئێستا بانکی ناوەندیی عێراق 100 دۆلار بە 131 هەزار دینار بە بانک و کۆمپانیاکان دەفرۆشێت.