سوودانی بۆ ئەمریکا: سوپاس بۆ گەڕاندنەوەی شوێنەوارە دزراوەکانمان
رووداو دیجیتاڵ
لە بەرامبەر گەڕاندنەوەی شوێنەوارە دزراوەکانی وڵاتەکەی، محەممەد شياع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سوپاسی ئەمریکا دەکات.
بە ئامادەبوونی بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەو وڵاتە لە عێراق، رۆژی سێشەممە پەیکەرێکی شوێنەواریی سەردەمی سۆمەرییەکان رادەستی سوودانی کرایەوە.
پەیکەرەکە لە مۆزەخانەی میترۆپۆل لە نیویۆرک پارێزرابوو، بەرپرسانی مۆزەخانەکە گەشتیان بۆ واشنتن کرد و لە شوێنی حەوانەوەی سوودانی رادەستیان کردەوە.
سوودانی شوێنەوارەکەی بە "گرنگ" ناوبرد و گوتی، "دەمەوێت بە ناوی گەل و حکومەتی عێراقەوە سوپاس و پێزانین بۆ مۆزەخانەی نیویۆرک دەربڕم کە کاری لەسەر گەڕاندنەوەی ئەم شوێنەوارە کردووە."
د. کیم بێنزێل، بەڕێوەبەری کاروباری شوێنەوارەکانی رۆژهەڵاتی نزیک لە مۆزەخانەی نیۆیۆرک، بە دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداوی لە واشنتن راگەیاند، شوێنەوارەکە پەیکەرێکە کە 2900 ساڵ پێش زایین لە مس دروستکراوە، "شێوەی پیاوێکی رووت پێشاندەدات کە رەنگە پیاوێکی ئایینی بێت و سندووقێکی لەسەر سەری داناوە. ئێمە هیچ زانیارییمان نییە جگە لەو شتەی کە مێژووناس و شوێنەوارناسانمان لە شوێنەوارە هاوشێوەکانەوە زانیویانە بەوەی کە رەنگە لەنێو پەرستگەکە شتێک ببەخشێتەوە."
سوودانی رۆژی سێشەممە لەگەڵ ئەلیخاندرۆ مایۆرکاس، وەزیری ناوخۆی ئەمریکاش کۆبووەوە. راگەیێندراوێکی نووسینگەکەی دەڵێت، "سوودانی پێزانینی خۆی بۆ بەڕێز مایۆرکاس دەربڕی لە بەرامبەر ئەو هەوڵانەی کە وەزارەتی ناوخۆی ئەمریکا بۆ گەڕاندنەوەی پارچە شوێنەوارە دزراوەکانی عێراق داویەتی."
ئەو پەیکەرە مسەی لە رێگەی باڵیۆزخانەی ئەمریکاوە "بێ بەرامبەر" بۆ عێراق گەڕێندرایەوە. بێنزێل دەڵێت، پارچە شوێنەوارەکە "لە ساڵی 1955 لە رێگەی کڕینەوە هاتە نێو مۆزەخانەکە" و، لەو کاتەشەوە لەوێ ماوەتەوە.
شوێنەوارناسەکە هەروەها بە رووداوی گوت، "ئێمە کۆمەڵەیەکی گەورەی شوێنەوارەکانی میزۆپۆتامیامان هەیە،" ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ ناوچە دێرینەکانی نێوان دیجلە و فورات، ئەو شوێنەوارانە "40٪"ـی کۆی پارچە شوێنەوارەکانی مۆزەخانەکە پێکدێنن و دوای نۆژەنکردنەوەی پێشانگەکانی مۆزەخانەکە، لە ساڵی 2026 دەخرێنەڕوو.
عێراقی ئێستا لانکەی شارستانیەتی سۆمەری، ئەکەدی، بابلی و ئاشوورییەکان بوو کە نووسین و شاریان بۆ مرۆڤایەتی داهێنا.
دوای هێرشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق لە ساڵی 2003، شوێنەوارەکانی عێراق بوونە ئامانجی بەتاڵانبردن و بەقاچاخبردن.