سوودانی بۆ چاککردنەوەی تانکەکانی عێراق لەگەڵ کۆمپانیای دروستکەری ئەبرامزدا رێکدەکەوێت
رووداو دیجیتاڵ
بۆ چاککردنەوە و تۆکمەکردنی تانک و زرێپۆشەکانی وڵاتەکەی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە واشنتن لەگەڵ کۆمپانیای دروستکەری تانکی ئەبرامز کۆبووەوە.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، رۆژی سێشەممە، 16ی نیسان، محەممەد شياع سوودانی لەگەڵ شاندی کۆمپانیای جەنەراڵ داینامیکی ئەمریکی کۆبووەتەوە و "لە چوارچێوەی هەوڵ و هەنگاوەکانی حکومەت بۆ بنیادنانەوەی توانا سەربازییەکانی لە رووی چەکی تانک و زرێپۆشەوە،" باسیان لە "دامەزراندنی کارگەیەکی گەورەی چاککردنەوە و بەرەوپێشبردنی تانکەکان" کردووە.
راگەیێندراوەکە دەڵێت، سوودانی لەگەڵ شاندی کۆمپانیاکە رێککەوتوون "لە ماوەیەکی نزیکدا کۆمەڵێک دەستپێشخەری لەگەڵ ئەم کۆمپانیایە رابگەیێندرێن کە لە چوارچێوەی پلانەکانی حکومەتدا دێن بۆ پێشخستنی دامەزراوەی سەربازی و بەهێزکردنی بە چەکی نوێی جۆراوجۆر".
عێراق زیاتر لە هەزار و 350 تانکی هەیە کە بە گوێرەی پەیمانگەی ستۆکهۆڵم بۆ لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی (SIPRI)، نزیکەی 100یان جۆری ئێم وەن ئەبرامزن کە کۆمپانیای جەنەراڵ داینامیکس دروستیان دەکات.
جەنەراڵ داینامیکس لە ساڵی 1954 دامەزراوە، لقەکانی لە 45 وڵات کاردەکەن و لە ساڵی 2022 لە لایەن گۆڤاری فۆرچنەوە بە 94ـەمین کۆمپانیای ئەمریکا لە رووی داهاتەوە دانراوە.
ساڵی 2018، لەسەر ئەوەی یەکێک لە تانکەکانی کەوتە دەستی حەشدی شەعبی، ستافی کۆمپانیاکە لە فڕۆکەخانەی موسەننای بەغدا دەستبەرداری کاری چاککردنەوەی تانکی ئەبرامز بوو و عێراقی جێهێشت. تشرینی دووەمی پار، کۆمپانیاکە گرێبەستێکی 16 ملیۆن دۆلاری لەگەڵ حکومەتی عێراق واژۆکرد بۆ ئەوەی لە سەربازگەی تاجی لە پارێزگەی بەغدا دەست بە چاککردنەوەی تانک و زرێپۆشەکانی عێراق بکات.
بۆ تاوتوێکردنی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکانیان لە رووی ئابووری، ئەمنی و سیاسییەوە، سوودانی لەسەر بانگهێشتی فەرمیی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ شاندێکی فرەبوار لە 13ی نیسان گەیشتە واشنتن.
رۆژی دووشەممە، 15ی نیسان، لە بارەگەی پێنتاگۆن، سوودانی لە لایەن لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکاوە پێشوازیی لێ کرا.
راگەیێندراوێکی هاوبەشی هەردوولا ئاماژە بەوە دەکات کە گرێبەستێکی 550 ملیۆن دۆلارییان واژۆکردووە بۆ "راهێنان و پڕچەککردنی هێزەکانی عێراق، لە نێویاندا پێشمەرگە".