نزیکەی 11 ساڵە خەونی هەڵەبجەییەکان بە ئەمڕۆ و سبەی دەسپێردرێت
رووداو دیجیتاڵ
رۆژی 24ـی کانوونی دووەمی 2013، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، نێوەڕۆکی پرۆژەیاسای هێنانەکایەی پارێزگای هەڵەبجەی ئاڕاستەی نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی عێراق کرد.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقیش لە دانیشتنی ژمارە 54ـیدا لە رۆژی 31ـی کانوونی یەکەمی 2013، رەشنووسی یاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە پەسندکرد و رەوانەی پەرلەمانی عێراقی کرد. لەو رۆژەوە تا ئێستا لە بەغداوە هەر دەستی دەستی پێ دەکەن.
عارف حەمامی، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق کە سەر بە دەوڵەتی یاسایە، دەڵێت: "ئێمە دژی هەڵەبجە نین لەبەر ئەوەی هەڵەبجەیە، ئێمە لەگەڵ هەر دەنگدان و دەرکردنی هەر بڕیارێکین کە خزمەتی گەلانی عێراق بکات، بەڵام تۆ و بینەران و هەموو گەلی عێراقیش دەزانن کە دەبێت هاوسەنگی هەبێت، وەک چۆن کوردستان پێویستی بە زیادکردنی پارێزگا هەیە، باشوریش پێویستی بە زیادکردنی پارێزگا هەیە."
لەساڵی 2015 ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا سەرجەم رەشنووسی ئەو یاسایانەی حکومەتی پێشوو پەسندیکردبوون و رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران کرابوون، بکشێندرێنەوە.
بەڵام لە 14ـی ئاداری 2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دووبارە نووسراوێکی بەناوی "پڕۆژەیاسای هێنانەکایەی پارێزگای هەڵەبجە لە کۆماری عێراق" ئاڕاستەی ئەنجوومەنی نوێنەران کردەوە و، داوا دەکات رێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر.
محەممەد بەلداوی، پەرلەمانتارە و دەڵێت: "ئەمڕۆ چەندین ناوچەی دیکەش هەن کە پێویستە لەگەڵ هەڵەبجەدا چاوی پێدا بخشێنرێتەوە، وەک قەزای بەلەد و قەزای دوجێل و دووز خورماتوو، ئامرلی، بەشیر و چەندین ناوچەی دیکە لە باشووری عێراق، کە پێمان وایە دەتوانرێت کاری بۆ بکرێت بکرێنە پارێزگا، چونکە لە رووی جوگرافی و رێژەی دانیشتووانەوە شایستەن."
لە پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەم و دووەم بۆ بەپارێزگابوونی هەڵەبجە کراوە، ئەوەی ماوەتەوە تەنیا دەنگدانە لەسەری، بەڵام ناکۆکییە سیاسیەکان رێگرن لە بەستنی ئەو دانیشتنە.