سوودانی: کەس ناتوانێت رێگری لە بەشداریکردنی عێراقییەکان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەکاندا بکات
رووداو دیجیتاڵ
محەممەد شياع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، "کەس مافی ئەوەی نییە رێگری لە بەشداریکردنی عێراقییەکان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەکاندا بکات."
سوودانی ئێوارەی هەینی 15-12-2023، پەیامێکی لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەکان پێشكێش بە خەڵکی عێراق کرد و هیوای خواست بە گوڕ و تینەوە بەشداری لەو هەڵبژاردنەدا بکەن کە "ئەڵقەیەکە لە ئەڵقەکانی سیستمی بەڕێوەبردنی دیموکراسیانە."
دوای 10 ساڵ کە شەڕی دژی داعش و دواتریش پەتای کۆرۆنای بەخۆیەوە بینی، رۆژی شەممە، دەنگدانی تایبەت و رۆژی دووشەممەش دەنگدانی گشتی دەکرێت بۆ هەڵبژاردنی حکومەتی خۆجێیی 15 پارێزگەی باشوور و نێوەڕاستی عێراق.
سوودانی گوتی، پەککەوتنی ئەو هەڵبژاردنانە لەو ماوەیەدا "نە لە بەرژەوەندی گەلدا بوو، نە دەوڵەت، چونکە ئەنجوومەنی پارێزگەکان کۆڵەکەیەکی سەرەکیی سیستمی دیموکراسی ئێمەیە کە لەسەر بنەمای لامەرکەزییەت دامەزراوە."
سوودانی داوای لە خەڵکی عێراق کرد، بەشداری لە "هەڵبژاردنێکی بەهێزی ئەنجوومەنی پارێزگەکاندا بکەن بۆ پاڵپشتیکردن لە دەسەڵاتی جێبەجێکاری."
سەرۆکوەزیرانی عێراق هەروەها گوتی، حکومەتەکەی بەڵێنەکانی خۆی لە بارەی هەڵبژاردنەکان جێبەجێکرد و گوتی، "حکومەتی ئێستامان بەڵێنی دا هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەکان ئەنجام بدات و هەلومەرجی ئەمنی پێویستی بۆ فەراهەم بکات. ئەمڕۆش ئەو بەڵێنە جێبەجێ دەکات بۆ زیادکردنی ئەو دەستکەوتە روونانەی لە ماوەی ساڵێکی تەمەنیدا بەدەستیهێناون کە رەنگدانەوەی پێداویستییەکانی خەڵکن."
سوودانی جەختیکردەوە کە لەم هەڵبژاردنەدا لیستی نابێت و گوتی، "رەتم کردەوە وەک رکابەرێکی سیاسی هێز و لایەنەکان لەم هەڵبژاردنەدا بەشداربم، چونکە بڕوام وایە راپەراندنی ئەرکی جێبەجێکاری لە ترۆپکی دەسەڵاتی فیدراڵیدا و شەونخوونیکردن بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوت بۆ رۆڵەکانی گەلەکەم، لە هەموو رکاربەرییەکی سیاسی بەنرختر و بەرزترە."
سەرۆکوەزیرانی عێراق هیواشی خواست کە لایەنە براوەکان "دوای دەرکەوتنی ئەنجامەکان، پەلە بکەن لە پێکهێنانی حکومەتە خۆجێییەکان، دوور لە دابەشبوونی سیاسی یان ناکۆکی لاوەکی، بۆ ئەوەی چەرخی گەشەپێدان کە حکومەتەکەمان کاری لەسەر دەکات دوانەکەوێت یان پەکنەخرێت."
پێش پەیامە تەلەڤزیۆنییەکەی سوودانی، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، نزیکەی 500 کەس کە خەڵکی وڵاتانی جیاجیان، چاودێریی دەنگدانەکە دەکەن.
رۆژی شەممە، ملیۆنێک و دوو هەزار و 393 کەس مافی بەشداریکردنیان لە دەنگدانی تایبەتدا دەبێت.
بۆ دەنگدانی تایبەت، 565 بنکەی دەنگدان دەکرێنەوە کە دوو هەزار و 367 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرن.
هەروەها ئاوارەکانیش لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان لە دەنگدانی تایبەتدا بەشدار دەبن؛ 48 هەزار و 260 ئاوارە مافیان دەبێت لە 120 وێستگەی سەر بە 35 بنکە دەنگبدەن.
دەنگدانەکە کاژێر 07:00ـی بەیانی دەستپێدەکات و کاژێر 06:00ـی ئێوارە کۆتاییدێت.