دارا سێکانیانی: تێبینی یاسایی و سیاسی لەسەر درێژکردنەوەی تەمەنی کۆمیسیۆن هەیە
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە، یەکێک لە بڕگەکانی دانیشتنەکە تایبەتە بە هەمواری یاسای کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی کۆمیسیۆنەکە، ئەندامێکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، هەندێک لایەن تێبینییان لەسەر درێژکردنەوەی تەمەنی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان هەیە تێبینییەکانیان یاسایی و سیاسیین.
بەگوێرەى یاسای کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، ئەنجوومەنى کۆمسیاران لە نۆ ئەندام پێکدێن و ماوەى کارکردنیان بۆ چوار ساڵە، بڕگەیەکی دانیشتنى پەرلەمانی عێراق، خوێندنەوەى یەکەم دەبێت بۆ پڕۆژەیاساى هەموارى یاسای کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق.
دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات گوتی، لە 1-1-2024 وادەی کۆمیسیۆن کۆتایی دێت، بۆیە ئەمڕۆ لە دانیشتنی پەرلەمان وەک بڕگەیەک دانراوە، دوو پرۆسەی گرنگ لەبەردەم کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکاندا، ئەوانیش هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کە ئێستا بانگەشەی دەستیپێکردووە و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە بڕیارە ساڵی داهاتوو بەڕێوەبچێت، ناکرێت کۆمیسیۆنێک هەڵبژاردن بەڕێوەببات و کۆمیسیۆنێکی دیکە ئەنجامەکان رابگەیێنێت، پێویستە تەمەنی کۆمیسیۆن درێژبکرێتەوە.
دوێنێ سێشەممە، لەنێو کۆبوونەوە، سەرۆکی پەرلەمان بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵی عێراقی پێگەیشت بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتییەکەی، بەوەش یەکسەر کۆتایی بە سەرۆکایەتی پەرلەمان هات.
ئێستا سوکانی پەرلەمان کەوتووەتە دەست جێگری یەکەم کە سەر بە چوارچێوەی هاوئاهەنگییە، ئەمەش دەنگۆی تێنەپەڕاندنی پرۆژەیاسای درێژکردنەوەی تەمەنی کۆمیسیۆنی بەهێزتر کردووە.
دارا سێکانیانی گوتیشی، بۆچوونی جیاواز لەبارەی درێژکردنەوەی تەمەنی کۆمیسیۆن هەیە، بەڵام بەشی زۆری لایەنەکان لەگەڵ درێژکردنەوەی تەمەنی کۆمیسیۆندان، ئەو لایەنانە دەڵێن لە یاساکەدا تەمەنی کۆمیسیۆن دیاریکراوە، بەڵام ئەوە ئاساییە، ئەوە یاسایە و دەتوانرێت هەموار بکرێتەوە و گۆڕانکاری تێدا بکرێت.
هەروەها جەختیکردەوە، کارێکی یاساییە و پەرلەمان هەمواری یاساکە دەکاتەوە و تەمەنی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان درێژدەکرێتەوە.
لەبارەی ناردنی پارە لە بەغدا بۆ هەرێمی کوردستان دارا سێکانیانی، ئاماژەی بەوەکرد، دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە شاند بنێریتەوە بەغدا بۆ چارەنووسی مووچەی ئەو سێ مانگەی نەدراوە گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی عێراق بکەن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان.
سەبارەت بە هەمواری یاسای هەڵبژاردن، ئەندامەکەی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، پێویستە رێککەوتنی سیاسی و کۆدەنگی فراکسیۆنە کوردستانییەکان هەبێت بۆ ئەوەی بتوانن ئەوەی بۆ هەرێمی کوردستان پێویستە لە هەموارەکەدا جێگەی بکرێتەوە.
هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە 25ـى شووباتى 2024 و هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراقیش لە 18ـى کانوونى یەکەمى 2023 دەکرێت، کە دواى دەنگدان، وەرگرتنى تانە و پەسندکردن و راگەیاندنى ئەنجام لە دەسەڵاتى ئەو ئەنجوومەنەی کۆمیسیۆن دەبێت.