نەچوونی رۆناڵدۆ بۆ بەغدا زیانی دارایی و دەروونی لە هاندەران دا
رووداو دیجیتاڵ
هەمووان چاوەڕێبوون کاتێک فڕۆکەکەی یانەی نەسر دەگاتە بەغدا، کریستیانۆ رۆناڵدۆ و جۆرجینای خۆشەویستی پێ بنێنە نێو خاکی عێراقەوە، بەڵام ئەو خەونەی هاندەران بەدی نەهات.
بەشێکی زۆری هاندەران شەوی رابردوو بە هیوای بینینی ئەو ئەستێرە جیهانییە رۆژیان کردەوە، بەڵام بەیانیی ئەمڕۆ یانەی نەسری سعودی بە فەرمی رایگەیاند، بەهۆی نەخۆشییەوە رۆناڵدۆ ناتوانێت لە یارییەکەی بەرامبەر یانی شورتە ئامادەبێت.
یاریگەی مەدینە لە بەغدا بە هێزی ئەمنی تەنرابوو، هاندەرانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ کە چەندین رۆژە بە دوای کڕینی بلیتەوە بوون، تووڕە و نیگەران بوون لە بڕیاری یانەکە. ئەوان زۆربەیان چوبوونە بەردەم یاریگە تاوەکو بلیتەکانیان کە بە نرخێکی گران دەستیان خستبوو، بیفرۆشنەوە.
سەجاد محەممەد، هاندەرە و بە رووداوی گوت، دوێنێ خەڵک لە کاژێر شەشی بەیانییەوە تا 12:00ـی شەو لێرەبوون، بلیت گەیشتە 60 هەزار دینار و دەستیش ناکەوت، ئەمڕۆ کە هەواڵی نەهاتنی رۆناڵدۆ بەهۆی نەخۆشییەوە بڵاوبووەوە، نیو کاژێر دوای هەواڵەکە بلیت دابەزی بۆ 15 هەزار دینار و کەمتریش.
حەسەن هاندەرێکی دیکەیە، ئەو دەڵێت: "بلیتمان بە 100 هەزار کڕی، بیستم کە رۆناڵدۆ نایێت بە 25 هەزار دینار دەیفرۆشمەوە، نایێم بۆ یاریگە، من لەبەر خاتری رۆناڵدۆ هاتم نەک لەبەر یانەی شورتە."
بەر لە بیستنی هەواڵی نەهاتنی رۆناڵدۆ، لە بازاڕی رەشدا نرخی بلیتی چوونە نێو یاریگە گەیشتە نزیکەی 300 هەزار دینار، بەڵام دواتر تەنانەت بلیتی ڤی ئای پی نرخەکەی دابەزییەوە بۆ 15 هەزار دینار.
کەرار یەکێکی دیکەبوو لەو هاندەرانەی خەونی بینینی رۆناڵدۆی هەبوو، ئەو خەمبارە کە نەیتوانی لەم چانسەدا ئەو ئەستێرە پۆرتوگالییە ببینێت کە رەنگە دوایین چانسی ژیانیشی بێت کە لە عێراق بیبینێت. گوتی، "رۆناڵدۆ دڵی هەموو عێراقییەکانی شکاند."
ئێستا کات و شوێنی یارییەکە وەکو خۆی ماوەتەوە کە رۆژی دووشەممەیە لە بەغدا.