ئەنجوومەنی ئاسایش بڕیاریدا ساڵێکی دیکە کۆتایی بە کارەکانی یونیتاد لە عێراق بهێنێت
رووداو دیجیتاڵ
لەسەر داوای حکومەتی عێراق، ساڵێکی دیکە تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش - یونیتاد، کۆتایی بە لێکۆڵینەوەکانی لە عێراق دێنێت.
ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، رۆژی هەینی 15-9-2023 بە کۆی دەنگ بڕیاریدا کە ساڵێکی دیکە، کۆتایی بە لێکۆڵینەوەکانی تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان لە تاوانەکانی داعش لە عێراق بێنێت. ئەم دەنگدانە لەسەر داوکاریی حکومەتی عێراق بوو.
لە پڕۆژە بڕیارەکەدا کە بە پشتیوانیی بەریتانیا ئامادەکرابوو، ئاماژە بەوە کراوە کە بەغدا هەروەها داوای کردووە، لێکۆڵەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو بەڵگانەش رادەستبکەن کە تاوەکو ئێستا لەسەر تاوانەکانی داعش کۆیانکردوونەتەوە بۆ ئەوەی دامودەزگاکانی عێراق بتوانن لێپێچینەوە لە ئەندامانی داعش و ئەو کەسانەش بکەن کە بە پارە یارمەتییان داون.
لەسەر داوای عێراق، ئەنجوومەنی ئاسایش لە ئەیلوولی 2017 تیمی لێکۆڵینەوەی پێکهێنا بۆ کۆکردنەوەی بەڵگە لەسەر ئەندامانی داعش تاوەکو بۆ دادگاییکردنیان سوودی لێ ببینرێت.
کریستیان ریچەر، سەرۆکی تیمەکە، لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا بە ئەنجوومەنەکەی راگەیاندبوو، "لێکۆڵەرەکانیان بەڵگە لەسەر پەرەپێدان و بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن داعشەوە کۆدەکەنەوە، هەروەها پەرە بە بەڵگەنامەکانیان لەسەر تووندوتیژیی جێندەری و تاوانەکانی ئەو گرووپە پەڕگیرە لە دژی منداڵان، سوننە، شيعە، ئێزدی و کرستیانەکان دەدەن".
ساڵی 2014، داعش هێرشیکردە سەر عێراق و باشووری کوردستان و نزیکەی چارەکێکی خاکەکەی کۆنترۆڵکرد، ئەوە لە پاڵ رووبەرێکی بەرفراوانی خاکی سووریا و رۆژئاوای کوردستان، کە دواتر خەلافەتێکی لەو ناوچەدا راگەیاند. دوای شەڕێکی سێ ساڵە لە عێراق، لە ساڵی 2017 رووخاندنی راگەیێندرا. بەڵام شانە نووستووەکانی داعش تاوەکو ئێستاش لە عێراق و سووریا بەردەوامن لە ئەنجامدانی هێرش و کردەی تووندوتیژی.
باربارا ودوارد، باڵیۆزی بەریتانیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئەنجوومەنی ئاسایشی گوت "تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان توانیویەتی لە ماوەی رابردوودا لە هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان یارمەتیی عێراق بدات، ئاسانکاری بۆ گەڕاندنەوەی رووفاتەکان بۆ خێزانەکانیان بکات و لە نزیکەوە کاری لەگەڵ دادوەر و پشکنەرە عێراقییەکاندا کردووە، بە دیاریکراویش لە بواری کۆکردنەوەی بەڵگەدا".
ودوارد هەروەها گوتی: "تیمەکە هەروەها دەرفەتی بۆ رزگاربووان دابینکردووە، لەنێویاندا [بۆ رزگاربووانی] تووندوتیژیی سێکسی و جێندەری، بۆ ئەوەی بە سەلامەتی شایەتیبدەن و مافەکانیان بە تەواوی رێزلێگیراوە"، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە تیمەکە "توانیویەتی چارەسەری دەروونیی کۆمەڵایەتی بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیی عێراق دابینبکات، کە کاریگەری راستەقینە بۆ رزگاربووان هەبووە".
بڕیارنامەکە داوا لە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات کە تاوەکو 15ـی کانوونی دووەمی ساڵی داهاتوو، راپۆرتێک پێشكێش بکات و تێیدا راسپاردەکان بۆ جێبەجێکردنی داواکاری عێراق سەبارەت بە رادەستکردنەوەی ئەو بەڵگەیانەی کە یونیتاد کۆیکردوونەتەوە، بخاتەڕوو. هەروەها ئەنجوومەنی ئاسایش داوا دەکات ئەو تیمە لەسەر داوای رەزامەندی حکومەتی عێراق دیاری بکات کە چۆن بەڵگەکان لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا هاوبەش دەکرێن و بەغدا لە هەر بەڵگەیەک ئاگادار بکەنەوە کە پێشتر دراوە بە وڵاتانی سێیەم.
ودوارد گوتی "بەریتانیا لەگەڵ حکومەتی عێراق کاردەکات بۆ بەردەوامیدان بە رێبازی تیمەکە لە عێراق و لە سەرانسەری جیهانیش."
ڕۆژی چوارشەممە، 13ی ئەیلوول، نادیە موراد کچە کوردی ئێزدیی رزگاربووی دەستی داعش و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، لەگەڵ ئەمەل کلۆنی، پارێزەری باڵای مافەکانی مرۆڤ، راگەیێندراوێکیان بڵاوکردەوە و تیشکیان خستە سەر پشتیوانیی خۆیان بۆ ئەرکی تیمەکە و نیگەرانیی خۆیان دەربڕی لەوەی کە رەنگە ئەرکەکەی نوێ نەکرێتەوە.
ئەوان لە راگەیێندراوەکەیاندا باسیان لەوە کردووە کە ئەو بەڵگە و گوتەیانەی کە تیمەکە کۆیکردوونەتەوە، "قوڵایی دڕندەیی" داعش نیشاندەدەن، نەک تەنیا دژی کوردانی ئێزدی، بەڵکو دژی هەموو پێکهاتەکانی دیکەش.
نادیە موراد و ئەمەل کلۆنی داوایانکرد ئەرکی یونیتاد درێژبکرێتەوە لە پێناو پاراستنی بەڵگەکان و بەکارهێنانیان لە رێوشوێنە دادوەرییەکانی داهاتوودا، هەروەها بونیادنانی "توانای عێراق بۆ لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە لە تاوانە نێودەوڵەتییەکان".